كۆمیسیۆن بڕیاری پەسەندکردنی لیستە نوێکان هەڵدەوەشێنێتەوە
رووداو - هەولێر
بەپێی نووسراوێكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان، بڕیاری پەسەندکردنی ئەو لیست و قەوارە نوێیانەی بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، لە كۆمیسیۆن خۆیان تۆمار كردبوو، هەڵدەشێنرێتەوە.
بەپێی ئەو نووسراوە، کە وێنەیەكی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، هەموو ئەو لیست و قەوارە نوێیانەی خۆیان تۆمار كردووە، هەڵدەوشێنرێنەوە، "هیچ لیستێك بۆی نییە بەو ناوەوە بانگەشە بكات، چونكە پەسەندكردنەكە تەنیا بەمەبەستی بەشداریكردن بووە لەو هەڵبژاردنەدا".
هەر لە نووسراوەكەی كۆمیسیۆندا، ئەوەش روونكراوەتەوە "كۆمیسیۆن هەموو ئەو پارانە دەگەڕێنێتەوە كە وەكو بارمتە لە بەرامبەر تۆماركردنی لیست و قەوارە سیاسییەكان وەریگرتبوون. دوای دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردن، لە داهاتوودا كۆمیسیۆن دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ تۆماركردن و پەسەندكردنی لیست و قەوارەكان".
بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، كە پێشتر بڕیاربوو لە 1-11ـی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، چەند لیست و قەوارەیەك لە كۆمیسیۆن ناوی خۆیان تۆماركرد، بەڵام بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنەوە، كۆمیسیۆن ئەو بڕیارانەی دەرکردووە.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار