بڕیاری دوورخستنەوەی عەمید سەرحەد قادر لە پۆستەكەی هەڵدەوەشێتەوە

رووداو - هەولێر

عەمید سەرحەد قادر دەڵێت، لە پۆستەكەی دوورنەخراوەتەوە، كە بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا‌ و ناحییەكانی كەركووكە ‌و دەڵێت "راستە بڕیارێكی وەها هەبووە، بەڵام دواتر هەڵوەشاوەتەوە".

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا ‌و ناحییەكانی كەركووك بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دوای فەرمانی گەڕانەوەیان بۆ كەركووك ئەوەیان بۆ روونبووەتەوە، كە كەسێكی عارەب بەناوی عەقید فەتاح مەحموود لە شوێنی ئەو كراوەتە بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا‌ و ناحییەكانی كەركووك ‌و گوتی "دوای هاتنە سەر هێڵی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و پەیوەندیكردنی بە وەزیری ناوخۆی عێراقەوە ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوە".

لەبارەی كە دەگوترێ‌ "ئەو پۆلیسە كوردانەی گەڕاونەتەوە كەركووك چەككراون"، عەمید سەرحەد قادر گوتی "نەریتێكی سەربازی هەیە هەر كەسێك لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە بگوازرێتەوە، دەبێت لەو شوێنەی لێیدەڕوات چەك ‌و پێداویستیەكانی رادەستبكاتەوە ‌و دواتر لەو شوێنەی كە بۆی دەچێت چەك وەردەگرێتەوە، ئەوەش شتێكی ئاساییە، بڕیاریشە هەموو ئەو گرفتانەی دوای گەڕانەوەی پۆلیس ‌و ئەفسەرە كوردەكان دروستبووە، چارەسەر بكرێن".

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی نووسراوێکی فەرمی عەمید خەتاب عومەر عارف، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کەرکووک رۆژی دووشەممە 30-10-2017 ژمارەیەک ئەفسەر بە تەنسیب و راسپاردن بۆ ژمارەیەک ناوەند و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگاکە دیاریکراون.، یەکێک لەوانەش دانانی کەسێکی عەرەب بوو لە شوێنی عەمید سەرحەد قادر.

لە بڕیارەکەدا هاتووە "راسپاردنی عەقید فەتاح مەحموود هواش، بە ئەرکی بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکووک بە وەکالەت. 



بەپێی رێككەوتنێكی هەر دوو وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عێراق‌ و هەرێمی كوردستان رۆژی 30-10-2017 هەموو ئەو پۆلیس ‌و ئەفسەرانەی بەهۆی رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر لە سنووری كەركووك ئاوارە بوون ‌و ژمارەیان 263 كەس بوو، گەڕانەوە سەر كارەكانیان.

لە 16ی ئۆكتۆبەر، حەشدی شەعبی ‌و سوپای عێراق هێرشیانکردە سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیان ‌و كۆنترۆڵیانكردن، بەو هۆیەشەوە بەشێكی زۆری خەڵك و هێزە ئەمنیەكانیش ئاوارە بوون.

داڕشتنەوە: حەکیم داود