چوار گوندی شوێنەواریی دەکەونە بەر شەقامی 100 مەتریی سلێمانی
رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانى شوێنەوارناسانى سلێمانى کنە و پشکنین بۆ گوندەکان کەریمە سوور، کانى چنە، شێخ وەساڵ و شێخ مەنسوورن دەکەن کە دەکەونە بەر پرۆژەى شەقامى 100 مەتریی سلێمانی. ئەوەى تاوەکو ئێستا روونبووەتەوە، چوار ناوچەى نیشتەجێبوونى خەڵک بوون، کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمى هەردوو هەزارەى یەکەم و دووەمى پێش زاین .
هێرۆ ساڵح، شوێنەوارناس دەڵێت، پاشماوەى زۆرمان دۆزیوەتەوەن وەکو گۆزەن گیزە، دیزە، دەرخۆنە، سەرەتەشى، پاشماوەى جوانکارى و ئێسک و پروسک.
تاوەکو ئێستا لەهەرێمى کوردستان تاقیگەیەکى پێشکەوتوو نییە، بۆ ناساندن و دۆزینەوەى ساخکردنەوەى ساتەوەختى دروستى شوێنەوارەکان، زیاتر پشت بە تاقیگە و تیمى وڵاتان دەبەسترێت.
نەوشیروان عەزیز، بەڕێوەبەرى کنە و پشکنینى شوێنەواری سلێمانی دەڵێت" لەگەڵ چەند تیمێکى بیانى قسەمان کردووە بۆ ئەو پاشماوە ئەندامییانەى کە دۆزیومانەتەوە بۆ ئەوەى سەردەمەکە بە تەواوى بدۆزینەوە، لەگەڵ کۆمپانیاش قسەمانکردووەن بۆ ئەوەى شوێنەوارەکان پەرژین بکات".
تیمەکانى شوێنەوارى سلێمانى، پارە و پێداویستییان لەلایەن گرووپى کۆمپانیاکانى قەیوان، کە جێبەجێکارى شەقامى 100 مەترییە دابینکراوە، کنە و پشکنین مانگێکى دیکەى پێویستە، بەڵام کارەکانى شەقامەکە راناوەستن.
شاباز حەمەسەلیم، سەرپەرشتیارى شەقامى 100 مەتریی سلێمانى بە رووداوی راگەیاند "بەشێک لە شوێنەوارەکان کەمێکى بەر شەقامەکە دەکەونن هەندێکى زیاتر، بە شوێنەوارمان گوتووەن کە چییان پێویست بوو، بیگوازنەوە و ئێمە لەم دیو و ئەو دیوى ئەو چوار گوندەوە کارەکانمان بەردەوام دەکەین."
شەقامى 100 مەتریى سلێمانى، کە ئۆتۆبانى بابانیشى پێدەڵێن، هەندێک کات شەوانیش کارەى تێدادەکرێت، لە 16%ـى تەواوبووە و هەفتەى داهاتوو دەگەنە قۆناخى دروستکردنى پردى تانەجەرۆ کە درێژییەکەى 420 مەترە کە تاوەکو ئێستا پردى لەو جۆە گەورە و درێژ لە سلێمانى دروستنەکراوە.