بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری: ئەمساڵ حەوت پرۆژە بە بەهای 7.3 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر رایدەگەیێنێت، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بە بەهای زیاتر لە 7 ملیار و 300 ملیۆن دینار حەوت پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ناحیەی رزگاری جێبەجێ دەکرێن. دەشڵێت، حکومەت لە هەوڵدایە بۆئەوەی دوو کارگەی گەورە بۆ ریسایکلینی زبڵ و خاشاکی سنووری پارێزگای هەولێر دابمەزرێنێت.
رابەر ساڵح شێرۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "حەوت پرۆژە بڕیاری لێدراوە بۆ سنووری ناحیەی رزگاری لەسەر بودجەی 2021 - 2022 جێبەجێ بکرێن، کە پێکهاتوون لە دروستکردنی باخچەیەکی ساوایان لە سەنتەری ناحیەی رزگاری، جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی ئاو و ئاوەڕۆ لە سێبیران، دوو پرۆژەی خزمەتگوزاری لە کانی قرژاڵە و چەند پرۆژەیەکی دیکە بۆ قیرتاو کردن و چاککردنی رێگەی هەندێک لە گوندەکان."
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندیی دا لەسەر تەرخانکردنی بڕی زیاتر لە یەک ملیار و 200 ملیۆن دینار بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە رێگەی دوو سایدی ھەولێر - خەبات، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای ھەولێر بۆ ساڵی 2022 بەشێوەی راگواستن.
لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری ئاماژەی بەوە کرد، "دوای جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە و چاککردنی رێگەی هەولێر - خەبات، دواتر دەستدەکرێت بە قیرتاوکردنی رێگەکانی ئەو گوندانەی کەوتوونەتە سنووری ناحیەی رزگاری، چونکە ساڵانێکی زۆرە دانیشتووانی ئەم گوندانە بەدەست خراپیی رێگەکانیانەوە دەناڵێنن."
رۆژانە نزیکەی 2000 تۆن خۆڵ و خاشاکی سنووری پارێزگای ھەولێر و نزیکەی 14 قەزای سنووری پارێزگاکە لە کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە فڕێدەدرێن، لە ساڵی 2003وە تاوەکو ئێستا خۆڵ و خاشاکی هەولێر لەو زبڵخانەیەدا کۆدەکرێتەوە و ژێر خاک دەخرێت، زبڵخانەکە 300 دۆنمی پڕ بووەتەوە لە خۆڵ و خاشاک، خەڵکی ناوچەکەش دووکەڵ و بۆنی ناخۆشی خۆڵ و خاشاکەکەی وەکو مەترسییەک بۆسەر ژیان و تەندروستیی خۆیان دەبینن.
بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری بە پێویستی دەزانێت، ئەنجوومەنی وەزیران چارەسەرێکی ریشەیی بۆ ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە لە رێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەک بۆ ریسایکلینی ئەو خۆڵ و خاشاکەی بۆ ناوچەکەیان دەبرێت.
بە گوتەی رابەر شێرۆ، "حکومەت لە هەوڵدایە بۆئەوەی دوو کارگەی گەورە دابمەزرێندرێن بۆ ریسایکلینی خۆڵ و خاشاک و ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر، بەڵام ئاگاداری وردەکارییەکانی نین."