خوێندنی باڵا 10% تاوەکو 20% داشکاندن لە کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، 10٪ تاوەکو 20% کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دادەشکێندرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە کۆبوونەوەکەدا ئارام محەممەد باسی لە پلانی وەرگرتنی دەرچووانی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆکان و دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان کرد و رایگەیاند، "لە ماوەی رابردوودا کارمان کردووە بۆ ئەوەی ریفۆرمی قووڵ لە سیستمی خوێندنی وڵاتەکەماندا بکەین، بەتایبەت بۆ پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندندا. بەشێکی ئەو پڕۆگرامانە پەیوەندیداربوون بە خوێندنی تایبەت لە هەرێمی کوردستان".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە، "بۆ ئەمساڵیش، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، 10٪ تاوەکو ٪20 کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان داشکێنراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت زانکۆ تایبەتەکان لە رێگەی پرۆگرامی جیاوازەوە هاوکاریی زیاتری خوێندکارانی سەرکەوتوو بکەن و نەهێڵن کرێی خوێندن ببێتە لەمپەر لەبەردەم بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانیان".
لە قسەکانیدا بۆ سەرۆکانی زانکۆ تایبەتەکان، وەزیری خوێندنی باڵا باسی لەوە کرد، پڕۆسەی خوێندن دەبێت رەنگدانەوەی پێداویستییەکانی بازاڕ و ئاراستەی گەشەکردنی ئابووریی کوردستان بێت و هەوڵ بدرێت نێوەڕۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کارەوە ببەسترێتەوە و گوتی، دەبێت "باشتر دەرچووان ئامادە بکرێن بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی کێبڕکیی بەدەستهێنانی هەلی کار بکەن".
ئەمساڵ نزیکەی 43 هەزار دەرچووی پۆلی 12 لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان وەرگیراون، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری ئەو دەرچووانە بڵاونەکراوەتەوە کە لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دەیانەوێت بخوێنن.
جگە لە 18 زانکۆی حکومی لە هەرێمی کوردستان، 18 زانکۆ و لقی زانکۆیی تایبەت و 12 پەیمانگەی تایبەتیش لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بە پسپۆڕیی جیا هەن.