وەزیری ئابووریی ئێران: بایی 100 ملیار دۆلار پڕۆژە جێبەجێ دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ئابووریی ئێران ئاماژە بە خراپتربوونی دۆخی گوزەرانی خەڵک لەو وڵاتە بەهۆی رێژەی بەرزی هەڵاوسان دەکات و دەڵێت، "داتەپینی ئابووری و کورتهێنانی بودجە هۆکاری سەرەکیی دۆخەکەن."

عەلی مەدەنیزادە، وەزیری ئابووریی ئێران، شەوی پێنجشەممە لە کۆتایی سەردانیدا بۆ دوورگەی کیش رایگەیاند، رێوشوێنەکان بۆ پڕکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە.
 
وەزیری ئابووریی ئێران گوتی: "لە داڕشتنی بودجەی ساڵی داهاتوودا، بە جەختکردنەوەی سەرۆککۆماری و تیمی ئابووریی حکومەت، هەوڵدەدەین ئەوەندەی دەتوانین کورتهێنانی بودجە کەم بکەینەوە، ئەویش بە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکانی حکومەت، بەکارهێنانی سامانە بەردەستەکان بە شێوەیەکی گونجاو و زیادکردنی داهاتەکان." 
 
عەلی مەدەنیزادە ئاماژە بە هەوڵەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورتهێنانی بودجە کرد و رایگەیاند، حکومەت دەیەوێت بەشێکی کورتهێنانەکە لە رێگەی فڕۆشتنی ماڵ و موڵکی دەزگە حکومییەکان چارەسەر بکات.
 
مەدەنیزادە هەروەها باسی پلانی حکومەت بۆ پەرەپێدان بە وەبەرهێنان و جێبەجێکردنی دەیان پرۆژەی گەورە لە سێکتەرە جیاوازەکانی ئێران کرد و گوتی، بەپێی پلانی وەزارەتی ئابووری و دارایی، بایی 100 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە پرۆژەکاندا دەکرێت.
 
بەپێی وەزارەتی دارایی ئێران، ئەم ساڵ ئەو وڵاتە نزیکەی 950 تریلیۆن تمەن کورتهێنانی بودجەی هەیە.