بەرەی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە تەنیا بەشداریی هەڵبژاردن دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لەکۆی 11 حیزبی تورکمانی هەرێمی کوردستان، بەرەی تورکمانی بە تەنیا ئەسپی خۆی لە گۆڕەپانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تاو دەدات.
لە کاتێکدا حیزبە تورکمانەکانی دیکە بەربژێریان نییە، بەرەی تورکمانی بە 9 بەربژێرەوە دەچێتە ناو کێبڕکێکە، 4 بەربژێری لە بازنەی سلێمانی و 5 بەربژێری لە بازنەی هەولێرە.
بڕوا عومەر، گەنجترین سەرلیستی بەرەی تورکمانی لە هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجیان بەهێزکردنی پێگەی تورکمانەکان و هەرێمی کوردستانە لە عێراقدا.
کەنعان شاکر ئاغالی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بەرەی تورکمانی و سەرۆکی ئێستای بزووتنەوەی بێلایەنی تورکمانییە، پێیوایە دۆخی تورکمانەکان بۆ دەنگدان گۆڕاوە و بوونەتە سێ بەش.
لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا، بەرەی تورکمانی تەنیا بەشداربووی تورکمان بوو و تەنیا 1521 دەنگی بەدەستهێنا. پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەمجارە بە بێ ڕکابەری، دەتوانن پێگەی خۆیان بەهێزتر بکەن؟