ورچ پەلاماری شاخەوانێکی رۆژهەڵاتی کوردستانی دا و برینداری کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کوێستانەکانی شاری پیرانشار لە پارێزگای ورمێ، ورچ پەلاماری شاخەوانێکی رۆژهەڵاتی کوردستانی دا و برینداری کرد.
 
بەیانیی رۆژی هەینی 31-10-2025 ژمارەیەک شاخەوانی پیرانشار بۆ شاخەوانی چوونە کوێستانەکانی ناوچەی ماشکان لە 25 کیلۆمەتریی شارەکە و لەوێ یەکێک لە شاخەوانەکان کە پیاوێکی 65 ساڵە لە هاوڕێکانی دوور کەوتەوە و لەو کاتەدا ورچ پەلاماری دا و برینداری کرد.
 
عەزیز ئیبراهیم نەژاد، بەرپرسی ناوەندی فریاکەوتنی پزیشکیی پیرانشار بە میدیاکانی راگەیاند، پێ و رانی شاخەوانەکە بریندارە و بۆ نەخۆشخانە گوێزراوەتەوە. 
 
بەرپرسی ناوەندی فریاکەوتنی پزیشکیی پیرانشار داوا لەو کەسانە دەکات کە دەچنە ناوچە کوێستانییەکان تەنیا نەبن، بەهۆی مەترسیی پەلاماردانیان لە لایەن گورگ و ورچەوە.