نرخی قەل لە هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما، نرخی قەل لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و یەک قەل نزیکەی 20 هەزار دیناری چووەتەسەر.
غوفران محەممەد، کە پەلەوەرفرۆشێکی شاری هەولێرە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ساڵانە لەگەڵ بارینی باران، یان هاتنی سەرما لە سەرەتای مانگی 11ـەوە نرخی قەل بە رێژە بەرز دەبێتەوە تاوەکو مانگی دووی ساڵی دواتر.
ئەو کاسبکارە گوتی: "ئەم ساڵ لە وەرزی گەرما دا جووتێک قەلی قەڵەو بۆ خواردن لە نزیکەی 80 بۆ 90 هەزار دینار بوو، ئێستا گەیشتووەتە 120 هەزار دینار".
بە گوتەی غوفران نرخی قەل لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما گرانتریش دەبێت و نرخی جووتێکی دەگاتە نزیکەی 180 هەزار دینار.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی قەل لە وەرزە ساردەکاندا، جگە لە زۆریی خواست لەسەری، زۆری تێچووی بەخێوکردنیەتی.