پارتی: هیواخوازین لە ساڵی نوێدا فشار و سزای ناڕەوای سەر گەلەکەمان هەڵبگیرێن

رووداو - هەولێر

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێکی بەبۆنەی ساڵی نوێ بڵاوکردەوە و هیواخوازە 2018  ساڵی قوڵبوونەوەی تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان بێت، هاوکات "فشار و سزای ناڕەوای" سەر گەلی کوردستان هەڵبگیرێن و قەیرانەکان كۆتاییان بێت.

لە پەیامەکەدا، مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت "هیواخوازین لە ساڵی 2018ـدا گوزەرانی سەختی رۆڵەكانی گەلەكەمان كۆتایی بێت و ئەو قەیرانانەی بەرۆكی گەلەكەمانیان گرتووە بەرەو چارەسەر هەنگاو بنێن. كوردستان بكەوێتەوە سەر راستەڕێی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی"

لەبارەی ساڵی 2017، مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاندووە "لەو ساڵەدا رۆڵەكانی گەلەكەمان لە پرۆسەیەكی دیموكراتییانەی رەوا و ئاشتیخوازانەدا دەنگیان بۆ چارەنووسی خۆیان دا و تەعبیریان لە ئیرادەی خۆیان كرد، بەڵام بەداخەوە كەوتنەبەر سزای بەكۆمەڵ، گەلەكۆمەكێ، ئابڵوقە و شەڕ و لەشكركێشی".

دەقی پەیامەکەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی زایینی، پیرۆزبایی گەرم لە تێكڕای گەلی كوردستان  و جیهان دەكەین بەو هیوایەی ساڵی نوێ سەرەتای كۆتایی مەینەتی وهاتنەدی ئاواتەكانی میللەتەکەمان بێت.

بە شێوەیەكی زۆر تایبەت پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دلێرەكان دەكەین كە لە سەنگەری بەرگری لە شكۆ و سەرفرازی نەتەوەكەمان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەل و دیموكراسیدان.

هیواخوازین لە ساڵی 2018 دا گوزەرانی سەختی رۆڵەكانی گەلەكەمان كۆتایی بێت و ئەو قەیرانانەی بەرۆكی گەلەكەمانیان گرتووە بەرەو چارەسەر هەنگاو بنێن. كوردستان بكەوێتەوە سەر راستەڕێی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئایندەی گەشەوە ..

ئومێدەوارین ساڵی نوێ ساڵی قوڵبونەوەی برایەتی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان و سەرجەم رۆڵەكانی گەلەكەمان بێت، ساڵی بوژانەوە و ئومێد و خێر و خۆشی بێت.

لە ساڵی رابردوودا رۆڵەكانی گەلەكەمان لە پرۆسەیەكی دیموكراتییانەی رەوا و ئاشتیخوازانەدا دەنگیان بۆ چارەنوسی خۆیان دا و تەعبیریان لە ئیرادەی خۆیان كرد، بەڵام بەداخەوە كەوتنە بەر سزای بەكۆمەڵ و گەلەكۆمەكێ و ئابڵوقە و شەڕ و لەشكركێشی، دەخوازین ساڵی داهاتوو فشاری ئەو سزا ناڕەوایانە لەسەر گەلەكەمان هەڵگیرێن و مەینەتی و قەیران كۆتاییان بێت و گەلی كوردستان بەو ژیانە بەكەرامەت و ئاسودەیە بگەن كە شایستەیانە.

جارێكی دیكە پیرۆزبایی سەری ساڵی 2018 لە یەكەیەكەی رۆڵەكانی گەلەكەمان دەكەین و هەر سەركەوتوو بن.

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
31-12-2017