ئەمڕۆ شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی بەڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل داناخرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، ئەمشەو کە کۆتا شەوی ساڵی 2023یە، بەهۆی نەبوونی چالاکی فەرمییەوە، هیچ شەقامێکی شارەکە داناخەن، لەوانەش شەقامی سالم، کە بە سەهۆڵەکە ناسراوە.
شەقامی سالم، کە بە سەهۆڵەکەش ناسراوە، ساڵانی رابردوو شەوانی سەری ساڵی بەهۆی ئەوەی هەزاران کەس رووی تێدەکرد دادەخرا؛ بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە 31-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم ساڵ هیچ شەقامێکی سلێمانی بەهۆی سەری ساڵەوە بەڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلدا داناخرێت، لەنێویدا شەقامی سالمیش".
گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەم ساڵ هیچ ئاهەنگ و چالاکییەکی فەرمی لە سەهۆڵەکەی سلێمانی ناکرێت، بۆیە بڕیار نەدراوە بەڕووی ئۆتۆمبێلدا بەربەست بکرێت. گوتیشی، "ئەمشەو مەفرەزەی زۆرمان لە تەواوی سلێمانیدا لە ئێشکگریدا دەبن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە هاتووچۆی ئۆتۆمبێل رێکبخەن و رێگە بگرین لە دروستبوونی قەرەباڵخی و رووداوی نەخوازراو".
بەشێکی شەقامی سالم بەهۆی هەبوونی کارگەیەکی سەهۆڵەوە چەندین ساڵە بە سەهۆڵەکە دەناسرێت؛ ساڵانە لە کاتی بۆنەکاندا و بەتایبەت سەری ساڵ و نەورۆز، هاونیشتمانیانی شارەکە و خەڵکی شارەکانی دیکە و وڵاتانی دەوروبەریش رووی تێدەکەن و کاتی تێدا بەسەر دەبەن.