بانکی ئەهلی عێراقی: مانگانە نزیکەی 80 ملیار دینار مووچە دابەش دەکەین و ژمارەی ATMـەکان دەگەیێنینە 200

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی دەڵێت، مانگانە نزیکەی 80 ملیار دینار لە رێگەی بانکەکەیانەوە وەک مووچە دەچێتە سەر هەژماری فەرمانبەران و مووچەخۆران، ئاماژە بەوەش دەکات کە لە پلانیاندا هەیە ژمارەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) بۆ 200 ئامێر زیاد بکەن.
 
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی، کە بانکەکەیان یەکێکە لەو بانکانەی بەشدارە لە پڕۆژەی "هەژماری من" ، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو، وردەکارییەکانی پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هەژماری من" دەخاتەڕوو و دەڵێت: "مانگانە وەزارەاتی دارایی بەگوێرەی خشتەی مووچە و [لە ماوەی سێ رۆژدا، بە سێ قۆناخ] لیستی مووچەکانمان بۆ دەنێرێت و ئێمەش بەگوێرەی ئەو لیستانە مووچەی فەرمانبەران دادەبەزێنینە نێو هەژمارەکانیان."
 
هۆکاری گرفتەکان و نامەی ئاگادارکردنەوە (SMS)
 
دەربارەی گلەیی بەشێک لە فەرمانبەران لە درەنگ گەیشتنی پارە، سەروەت جاف گوتی: "حکومەت شەو یان بەیانی زوو نامە (SMS) بۆ فەرمانبەران دەنێرێت، کە مووچە دابەزیوە، بەڵام پڕۆسە تەکنیکییەکانی بانک (ACH) کاتی دەوێت تاوەکو پارەکە بە کردەیی دەخرێتە سەر هەژمارەکان، ئەمەش وادەکات ئەو فەرمانبەرانەی بەیانی زوو دەچنە سەر ئامێرەکان پارەکەیان بۆ رانەکێشرێت، لەکاتێکدا ئەم پرۆسەیە لەهەمان رۆژدا جێبەجێ دەکرێت و پارە دەچێتە سەر هەژمارەکانیان."
 
180 هەزار بەشداربوو و توانای ئەی تی ئێمەکان
 
بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی ئاشکرای کرد، کە بانکەکەیان یەکێکە لەو بانکانەی زۆرترین بەشداربووی "هەژماری من"ی لایە، کە نزیکەی 180 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆرن. گوتیشی: "هەر ئامێرێکی راکێشانی پارە (ATM) چوارسەد ملیۆن دینار دەگرێت، بەڵام بەهۆی زۆریی ژمارەی بەشداربووان، لە ماوەی تەنیا دوو بۆ سێ کاتژمێردا پارەکەی تێدا نامێنێت."
 
سەبارەت بە پڕکردنەوەی ئامێرەکان، جەختی کردەوە کە پڕۆسەکە کاتی دەوێت، "چونکە پێویستی بە تیمی تایبەت و هەماهەنگی ئەمنی و سەیارەی گوللەنەبڕ هەیە، بەڵام هەر هەمان رۆژ ئامێرەکان پڕ دەکرێنەوە."
 
کێشە تەکنیکییەکان و کەشوهەوا
 
سەروەت جاف ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەندێک جار خراپیی کەشوهەوا، وەک باوبۆران و هەورەتریشقە، دەبێتە هۆی پچڕانی ئینتەرنێتی ئامێرەکان، ئەوەش وادەکات ئەی تی ئێمەکە نامەی رەتکردنەوە (Rejection) بدات و پارە دەرنەکات.
 
مانگانە نزیکەی 80 ملیار دینار دابەش دەکەین
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ رادیۆی رووداو، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی گوتی: "ئێستا 120 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) مان لە گەرمیانەوە تاوەکو زاخۆ هەیە، دەبێت ژمارەکە بگەیەنینە 200 دانە. پلانمان وایە تاوەکو مانگی داهاتوو 25 بۆ 30 ئامێری دیکە دابنێین." ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەت خۆی لە شار و شارۆچکەکان شوێنەکان دیاری دەکات بۆ ئەوەی ئامێرەکانی لێ دابنرێت.
 
سەبارەت قەبارەی دارایی پڕۆسەکە و ئەو ئاڵوگۆڕەی لەرێگەی بانکەکەیان دەکرێت، سەروەت جاف رایگەیاند، "مانگانە نزیکەی 80 ملیار دینار وەک مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی بانکی ئەهلیی عێراقییەوە ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێت."
 
مانگانە زۆربەی مووچەخۆران، لە رێگەی بانکەکانەوە مووچەوەردەگرن لە چوارچێوەی پرۆسەی بەجێکردنی مووچە، کە لە هەموو عێراق جێبەجێ دەکرێت، ئەوەی تا ئێستا ماوە لە سنووری سلێمانییە و پرۆسەکەش بەردەوامە بۆ ئەوەی هەموو مووچەخۆران لە رێگای بانکەوە مووچە وەربگرن.