رێگەی 130 گوندی سنە کرایەوە؛ 270ـی دیکە رێگەیان گیراوە

رووداو دیجیتاڵ

جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە دەڵێ، رێگەی 130 گوندی پارێزگاکە لە لایەن تیمەکانی رێگەوبانەوە کراوەتەوە کە بەهۆی بەفرەوە گیرابوو؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رێگەی 270 گوندی دیکە هێشتا گیراوە.
 
کیومەرس حەبیبی، جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، تیمەکانی رێگەوبان خەریکی راماڵینی بەفر و کردنەوەی رێگە گیراوەکانن.
 
کیومەرس حەبیبی گوتی، رێگە سەرەکییەکانی پارێزگاکە کراونەتەوە، بەڵام ئەوە ئاساییبوونەوەی دۆخەکە ناگەیێنێت و هاتووچۆ لە رێگە سەرەکییەکان تەنیا بە پابەندبوون بە رێکارەکانی سەلامەتی و بەکارهێنانی زنجیری تایە و کەرەستەی زستانە دەکرێ.
 
کیومەرس حەبیبی دەڵێ، رێگەی 130 گوندی پارێزگاکە لە لایەن تیمەکانی رێگەوبانەوە کراوەتەوە، بەڵام هێشتا رێگەی 270 گوند بە گیراوی ماوەتەوە و هەوڵدانی تیمەکانیان بۆ کردنەوەی رێگەی ئەو گوندانەش بەردەوامە.
 
لە لایەکی دیکەوە سامان فەتحی، بەڕێوەبەری رێگەوبانی شاری دێولانی پارێزگای سنە رایگەیاند، رێگەی 60 گوند لە لایەن تیمەکانیانەوە کرایەوە کە لە دوو رۆژی رابردوودا بەهۆی بەفرەوە داخرابوو.
 
سامان فەتحی گوتی، هێشتا ژمارەیەکی دیکە لە گوندەکانی سنوورەکە رێگەکانیان گیراوە و تیمەکانیان بەردەوامن لە راماڵینی بەفر و کردنەوەی رێگەی ئەو گوندانەش.
 
لە رۆژی شەممەوە بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و بەپێی کەشناسیی ئێران، کەشەکە تاوەکو کۆتایی رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێ.