بەفربارین رێگەی سەدان گوندی سۆرانی داخست و هۆشداری بە گەشتیاران دەدرێت


رووداو دیجیتاڵ

شەپۆلێکی بەفربارینی چڕ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی گرتەوە و بەهۆیەوە رێگەی سەدان گوند داخراون. بەڕێوەبەری رێگەوبانی سۆران هۆشداری بە گەشتیاران دەدات روو لە ناوچە سنوورییەکان نەکەن.
 
لە رێگەی حەسەن بەگ کە سۆران بە سیدەکان دەبەستێتەوە، دوو رۆژە هاتووچۆ راگیراوە. رێگر چەتۆ، هاونیشتمانییەکە و دەڵێت: "پێنج بۆ شەش ساڵ دەبێت ئەو بەفرەمان لێرە نەبینیوە؛ بەتایبەت دوێنێ ئێوارە خەڵکێکی زۆر لەنێو بەفردا گیریان خوارد."
 
جگە لە رێگە سەرەکییەکان، رێگە لاوەکییەکانیش بۆ ماوەی 12 کاژێر هاتووچۆیان تێدا وەستا. خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری پاراستن و چاککردنەوەی رێگەوبانی سۆران بە رووداوی راگەیاند: "بەشی هەرە زۆری رێگەکان کێشەی تێکەوت. سەرەڕای سەرقاڵیی تیمەکانمان، بەڵام بەهۆی فراوانیی شەپۆلەکە و کەمیی ئیمکانیات، نەمانتوانی هەموو رێگەکان پاک بکەینەوە."
 
بەڕێوەبەری رێگەوبان ئاماژەی بەوەش کرد، جار هەیە کڕێوەکە هێندە بەهێزە ئاستی بینین بۆ کەمتر لە پێنج مەتر کەم دەبێتەوە، بۆیە "ئەو هۆشدارییانەی دەیدەین تەنیا مەبەستمان پاراستنی گیانی هاووڵاتییانە."
 
تاوەکو ئێستا رێگەی سەدان گوند و ئاوایی لە باڵەکایەتی، برادۆست و بارزان رانەماڵدراون و رێگەی نێوان شارەکانیش سەرباری پاککردنەوەیان، هێشتا هاتووچۆ تێیاندا ئاسایی نەبووەتەوە.
 
بەهۆی ئاستەنگی هاتووچۆ و خلیسکانی رێگەکان، ژمارەیەکی زۆر رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. لە ناوچەی پیشەسازیی سۆران، تەنیا ئەمڕۆ زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتوو هێنراونەتە گەراجەکان.
 
ئاری دڵشاد، وەستای چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل دەڵێت: "تەلەفۆنی زۆرم بۆ کراوە، ئێستا چوار ئۆتۆمبێلم لان و تاوەکو ئێوارە رەنگە گەراجەکەم پڕ ببێت؛ هەموویان وردە پێکدادانن و هی نێو شارن."
 
بەگوێرەی ئاماری کەشناسیی سۆران، لەم شەپۆلەدا لە سەنتەری سۆران 11 سانتیمەتر، چۆمان 23 سانتیمەتر، سیدەکان 31 سانتیمەتر و زۆرترین بەفریش لە مێرگەسۆر باریوە کە گەیشتووەتە 34 سانتیمەتر. لە ناوچە بەرز و شاخاوییەکانیش ئاستی بەفر گەیشتووەتە مەتر و نیوێک.