"ئەگەر 2025 کەسێک بووایە، چیت پێدەگوت؟" وەڵامی خەڵکی نیویۆرک بزانە
رووداو - نیویۆرک
ساڵی 2025 بۆ هەندێک باشترین ساڵی تەمەنیان بوو، بەڵام بۆ هەندێکی دیکە ساڵێک بوو دەڵێن "بڕۆ و لێرە مەمێنە." پەیامنێری رووداو لە گۆڕەپانی تایمز سکوێری نیویۆرک رای خەڵک لەبارەی ساڵی 2025 وەردەگرێت.
تایمز سکوێر، ئەو شوێنەی بڕیارە ملیۆنێک کەس بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ تێیدا کۆببنەوە و 1360 کیلۆ کۆنفێتی بەسەریاندا ببارێت، پڕە لە گەشتیار. پەیامنێری رووداو پرسیارێکی جیاواز ئاراستەی خەڵک دەکات: "ئەگەر ساڵی 2025 کەسێک بوایە، چی پێدەڵێیت پێش ئەوەی بڕوات؟"
کارۆلاین، گەشتیارێکی نێو گۆڕەپانەکەیە و بە دڵخۆشییەوە وەڵام دەداتەوە: "2025ـم هەمیشە لەیاد دەبێت، چونکە باشترین ساڵ بوو لە ژیانمدا. زۆر شتم بەدەستهێنا، بۆیە بیری دەکەم."
بەڵام دوو گەشتیاری ئیتاڵی بۆچوونێکی جیاوازتریان هەیە. یەکێکیان دەڵێت: "نازانم، تەنیا دەڵێم میهرەبانتر بە، چونکە پێموایە جیهان زۆر دڵڕەق بووە." هاوڕێکەشی پشتگیریی قسەکەی دەکات.
دانیشتووانی نیویۆرک گلەیی لە ئابووری دەکەن
دانیشتوویەکی نیویۆرک بە تووڕەییەوە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: "چی پێدەڵێم؟ دەڵێم بڕۆ و لێرە مەمێنە." کاتێک لێی دەپرسرێت بۆچی، دەڵێت: "ئەم ساڵ زۆر خراپ بوو، خەریک بوو بمشکێنێت، هۆکارەکەشی ئابووری و گرانیی نرخی خانوو بوو."
گەشتیارێکی دیکە دەڵێت: "سوپاس بۆ لێرەبوونت. خۆش بوو، بەڵام کاتی رۆیشتنتە." کاتێک پرسیاری لێدەکرێت ئایا ساڵێکی باش بوو، دەڵێت: "ساڵێکی نایاب بوو، پڕ بوو لە رووداو."
هیوا بۆ 2026
گەشتیارێک ئامۆژگاری دەدات و دەڵێت: "یادگاری دروست بکە، گەشت بکە، وێنە بگرە و کاتێکی خۆش بەسەر ببە." یەکێکی دیکە دەڵێت: "ئامادەین بۆ بینینی 2026."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە "ئایا شتێک هەیە لە 2026ـدا نایکەیتەوە کە لە 2025 کردووتە؟"، گەشتیارێک دەڵێت: "ماڵ گواستنەوە بۆ ئەوپەڕی وڵات، چونکە زۆر ناخۆش بوو." یەکێکی دیکە دەڵێت: "خوێندنی زۆر، چونکە بەڕاستی زۆر خوێندم و لەڕادەبەدەر ماندووی کردم."
بەڵام هەن کە پەشیمان نین؛ گەشتیارێک دەڵێت: "نازانم ئەگەر شتێک هەبووبێت حەزم لێنەبووبێت. لە ڕاستیدا زۆر شانازی بە ساڵی 2025ـەوە دەکەم، چونکە گەشەی زۆرم بەدەستهێنا و ساڵێکی پڕ لە ئاگایی بوو بۆ من."