باران و بەفر مەترسیی وشکەساڵییان کەمکردەوە؛ پسپۆڕان داوای گۆڕینی ستراتیژیی ئاو دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلەکانی ئەم دواییەی بەفر و باران لە باشووری کوردستان دڵی جووتیارانی خۆشکردووە و ئاستی ئاوی ژێرزەوی و بەنداوەکانی زیادکردووە. بەگوێرەی ئامارەکان، بارانبارین لە هەندێک پارێزگا نزیکەی شەش هێندەی وەرزی رابردووە و پسپۆڕانیش دەڵێن، مەترسیی وشکەساڵی نەماوە، بەڵام هۆشداری دەدەن لەوەی دەبێت شێوازی گلدانەوەی ئاو بگۆڕدرێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە 31-12-2025، لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 08:00ـی بەیانیی تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، دۆخی کەشوهەوا، کاریگەریی بەفر لەسەر کشتوکاڵ و دۆخی ئاوی ژێرزەوی لەگەڵ هەریەکە لە د. لوقمان موفتی، پسپۆڕی سیاسەتی کشتوکاڵ، د. سلێمان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی ئاو و ئەکرەم خدر قادر، جووتیار تاوتوێ کرا.
جیاوازیی "ناوازە"ـی بڕی بارانبارین
بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە کەشناسیی هەرێمی کوردستانەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، جیاوازییەکی گەورە لەنێوان بڕی بارانبارینی وەرزی بارانبارینی رابردوو و ئەم وەرزە هەیە.
• هەولێر: وەرزی بارینی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە 43 ملیمەتر باریبوو؛ ئەم وەرزە گەیشتووەتە 212.8 ملیمەتر.
• سلێمانی: وەرزی بارینی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە 183 ملیمەتر باریبوو، ئەم وەرزە بۆ 360.8 ملیمەتر بەرزبووەتەوە.
• دهۆک: وەرزی بارینی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە تەنیا 34.1 ملیمەتر باریبوو؛ ئەم وەرزە گەیشتووەتە 199.5 ملیمەتر.
• هەڵەبجە: وەرزی بارینی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە 241.6 ملیمەتر باریبوو؛ ئەم وەرزە بۆ 304.9 ملیمەتر زیادی کردووە.
جووتیارێک: ئەم بەفرە سوودی زۆرە
ئەکرەم خدر قادر، جووتیارێکی گوندی قازیخانەی دەشتی قوشتەپە، دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر ئەم شەپۆلە نیشاندا و بە "رەحمەتی خودا" ناوی برد.
ئەو جووتیارە گوتی: "ئەم ساڵ ساڵێکی زێڕینە بۆ ئێمە. لە ناوچە شاخاوییەکان سەرووی 55 سانتیمەتر و لە دەشتاییەکانیش نزیکەی 20 سانتیمەتر بەفر باریوە. ئەم بەفرە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە وەک بەتانییەک وایە بۆ دانەوێڵەکانمان و لە سەرمای زۆر دەیانپارێزێ."
بە گوتەی ئەو جووتیارە، بەفرەکە دەبێتە هۆی "کوشتنی میکرۆب و مێرووە زیانبەخشەکانی نێو خاک" کە پار بەهۆی گەرمیی زستانەوە زیانیان لە بەرهەم دابوو، داواشی کرد حکومەت لە دابینکردنی کیمیا و چارەسەری "کەڕوو" هاوکارییان بکات، چونکە شێی زۆر دەبێتەهۆی دەرکەوتنی نەخۆشیی کەڕوو لە گەنمدا.
ئەو جووتیارە بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ ترسی وشکەساڵیمان نەماوە و بە شێوەیەک باران باریوە، خاک تاوەکو زیاتر لە نیو مەتر تەڕ بووە و ئاوی پێویستی خواردووەتەوە؛" ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەگەر ئەم مانگی یەک و دووەش باران نەبارێ، کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ کەم دەبێ".
"کاژێری سارد" و کۆتاییهاتنی مەترسیی وشکەساڵی
د. لوقمان موفتی، پسپۆڕی سیاسەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا لە نێوەڕاستی وەرزی زستانداین و لە زۆربەی ناوچەکان نیوەی ئەو بڕە بارانە باریوە کە ساڵانە بۆ کشتوکاڵ پێویستە.
د. لوقمان گوتی: "بۆ نموونە پارێزگای هەولێر ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 400 بۆ 450 ملیمەتر بارانە. ئێستا کە لە ناوەڕاستی زستانین، نیوەی ئەو بڕە باریوە. ئەمە وایکردووە مەترسیی وشکەساڵی نەمێنێت، بەتایبەت وشکەساڵی هایدرۆلۆجی."
ئەو پسپۆڕە خاڵێکی زانستیی گرنگی خستەڕوو سەبارەت بە دارە بەردارەکان و گوتی: "ئەم سەرما و بەفرە بۆ دارەکانی وەک فستق و زەیتون زۆر پێویستە، چونکە ئەو دارانە پێویستیان بە (کاژێری سارد)ە بۆ ئەوەی بەرهەمی باشیان هەبێت. ساڵی رابردوو زستان گەرم بوو، بۆیە بەرهەمی زەیتوون و فستق زۆر خراپ بوو، بەڵام ئەم ساڵ پێشبینی بەرهەمێکی باش دەکەین."
گۆمی دەستکردی بچووک یان بەنداوی گەورە؟
هەرچەندە بارانبارینەکە زۆرە، بەڵام د. سلێمان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی ئاو هۆشداری دەدات لەوەی کە تۆپۆگرافیای هەرێمی کوردستان وا دەکات سوودی تەواو لە بەنداوە گەورەکان بۆ کشتوکاڵی نێوخۆ وەرنەگیرێ.
د. سلێمان گوتی: "کێشەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بەنداوە گەورەکانی وەک دووکان و دەربەندیخان زیاتر سوودیان بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق هەیە، چونکە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئێمە دەکەونە سەرووی بەنداوەکان و ئاوەکە بەری نادرێتەوە بۆ جووتیارانی ئێمە، تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا نەبێت."
وەک چارەسەر، ئەو پسپۆڕەی ئاو پێشنیازی گۆڕینی ستراتیژیی حکومەتی کرد و گوتی: "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە دروستکردنی بەنداو و گۆمی دەستکردی بچووک و مامناوەند بدات لە هەموو ناوچەکان، بۆ ئەوەی ئاوی باران لە هەمان ناوچە بۆ کشتوکاڵ و پڕکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی سوودی لێ وەربگیرێ، ئەگەرنا بەشێکی زۆری ئەم ئاوە بەفیڕۆ دەچێت."
ئاوی ژێرزەوی و گۆڕانی کەشوهەوا
سەبارەت بە دۆخی ئاوی ژێرزەوی، میوانەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەی ئەم بارانە کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت، بەڵام هێشتا بەکارهێنانی ئاو زیاترە لەو بڕەی دەچێتەوە ژێر زەوی.
د. سلێمان ئاماژەی بەوە کرد، گۆڕانی کەشوهەوا وایکردووە سرووشتی بارانبارین بگۆڕێ بۆ "بارانی بەخوڕ و کورتخایەن" کە زۆرجار دەبێتە هۆی لافاو، بۆیە دروستکردنی گۆمی دەستکرد باشترین ڕێگەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی لافاو و سوودوەرگرتن لەو ئاوە بۆ وەرزە وشکەکان.
د. لوقمان ئاماژەی بەوە کرد، کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان زیاتر پەیوەستە بە ئاوی ژێرزەوییەوە، بەنداوەکان کەمتر سوودیان هەیە، بەڵام ئەگەر "پڕۆژەی ئاودێریی باش دروست بکرێ، بێگومان سوودی دەبێت بۆ کشتوکاڵیش".