هەموو شتێک دەربارەی شەقبوونی کۆم
رووداو- هەولێر
بریتییە لە حاڵەتێکی نەخوازراوی کۆم، تێیدا برینێك بە درێژایی کونی کۆم دروستدەبێ.
کەناڵی کۆم (Anal Canal) کۆتا بەشی کۆئەندامی هەرسە، پاش رێکە (Rectum) دێت، درێژییەکەی لە نێوان 2.5 بۆ 4 سانتیمەتر دەبێت. بە دەوری کەنالی کۆم ماسوولکە هەن، یەکێکیان پێی دەگوترێت ماسوولکەی دەرچەی ناوەوە، کە لە ژێر کۆنترۆڵی مرۆڤ خۆی نییە، بەردەوام لە گرژبوون دایە، نەوەك پیسایی و گاز لەناکاو دەربچێت، هەرچی ماسوولکەی دەرچەی دەرەوەیە، ئەمەیان لە ژێر کۆنترۆڵی مرۆڤ دایە، ئەو کاتەی بیەوێت دەتوانی خاویبکاتەوە یان گرژیبکاتەوە.
ئەم حاڵەتە لەناو خەڵکدا، بە هەڵە وا باوە کە پێی دەگوترێت (فتریات) یان (کەڕووی کۆم)، کە هیچ لەوانە راست نییە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئەم حاڵەتە بە زمانی عەرەبی پێی دەوترێت "فطر شرجی"، ئەو "فطر"ە، کەڕوو نییە، بەڵکو بە مانای شەقبوون و برینداربوون دێت، هەروەك چۆن کەسێك دەلێت "فطر قلبي"، واتە دڵم شەقی برد، نەك دڵم کەرووی گرت؟؟!!.
هۆکارەکانی شەقبوونی کۆم
هۆکاری سەرەکی تووشبوون بەم حاڵەتە بریتییە لە بوونی زەبر یان ئەزیەت بۆ کەنالی کۆم، کە ئەمەش بە شێوەیەکی گشتی بریتییە لە بوونی پیسایی رەق یان قەبزی، واتا قەبزی هۆکاری سەرەکی تووشبوونە بەم حاڵەتە. هەر کە برینەکە دروست بوو، ماسوولکەکانی دەرچەی ناوەوە تووند دەبن، ئەمەش دەبێتەهۆی بوونی ژانێکی زۆر لە کاتی پیسایی کردن و دواتریش لێناگەرێ برینەکە چاك ببێتەوە، هەمیشە دەیکولێنێتەوە و واش دەکات خوێن کەم بچێت بۆ برینەکە بەهۆی ئەم گرژبوونە زیادەی ماسوولکەکان
کێ زۆرتر تووشدەبێت؟
ئەو کەسانەی کە پێشتر نەشتەرگەری مایەسیریان بۆ کراوە، لە کەسی ئاسایی زیاتر تووشی ئەم حاڵەتە دەبن، بە هۆی ئەوەی کە شوێنی برینی مایەسیریەکە کە چاك دەبێتەوە، رەق دەبێت، ئەم رەقبوونە دەبێتە رێگرییەك لە تەواوبوونەوەی کەنالی کۆم و بە ئاسانی پیسایی پێدا ناروات، ئەمەش دەبێتەهۆی درووستبوونی شەقبوونی کۆم.
هۆکاری دیکەش هەن، خانمانی دووگیان و منداڵبوون، بوونی نەخۆشییە گوێزراوە سێکسیەکانی وەک ئەیدز، نەخۆشی کرۆنس (Crohn's Diseas)، نەخۆشی سیل، وە هەندێجار هۆکارەکەی بوونی شێرپەنجەیە.
نیشانەکانی شەقبوونی کۆم
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە بوونی ژانێکی تووند لە کاتی پیساییکردن، وە ئەو ژانە بەردەوامدەبێت لە چەند خولەکێك بۆ چەند کاژێرێك دوای پیساییکردن، ئەمەش حاڵەتێکی ناخۆش بۆ نەخۆش دروستدەکات، کە دەترسێت لە پیساییکردن، بەمەش قەبزییەکەی زیاتر دەبێت، پیساییەکەی تووندتر و رەقتر دەبێت، حالەتەکەی خراپتر دەکات. هەندێك نەخۆش لەوانەیە خوێن ببینن لەسەر کلێنکسی تەوالێت، یان لەوانەیە چەند دلۆپێکی خوێنی گەش ببینن لە پاش پیسایی کردن.
دوو جۆری سەرەکی هەیە
حاڵەتی کتوپڕ، واتا حاڵەتەکە نوێیە، برینەکە تەنیا بەشی سەرەوە و رووپۆشی کەنالی کۆمی گرتۆتەوە.
حالەتی درێژخایەن، ئەگەر حاڵەتی کتوپڕ بەردەوام بوو یان چارەسەرنەکرا بە شێوەیەکی تەواو، ئەوا حاڵەتەکە دەگۆردرێت بۆ شەقبوونی کۆمی درێژخایەن، بەمەش چینەکانی دیکەی کەنالی کۆم دەگرێتەوە و هەندێ جار گۆشتە زیادەکیش دروستدەکات لە بەشی دەرەوەی شەقبوونەکە.
زۆربەی زۆری شەقبوونەکانی کۆم دەکەونە بەشی دواوە، هەندێکی کەمی دەکەونە بەشی پێشەوەی کەناڵی کۆم، کەمجار لە تەنیشتەکان روودەدات.
بە شێوەیەکی گشتی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بە سەردانیکرنی پزیشکی پسپۆی نەشتەرگەری گشتی یان کۆئەندامی هەرس دەبێت. دواتر وەرگرتنی مێژووی نەخۆشییەکە و پشکنینی پزیشکی دەکرێت، پێویست بە هیچ پشکنینێکی تاقیگەیی یان تیشکی نییە، تەنیا لە هەندێك کاتی دیاریکراو نەبێت.
چارەسەری شەقبوونی کۆم
چارەسەری ئەم حاڵەتە بەپێی جۆرەکەی دەبێت.
بۆ جۆرە کتوپڕەکە ئەوەی کە جاری یەکەمە تووشبووە و ماوەیەکی کەمە ئەم حاڵەتەی هەیە، ئەمانە زۆربەی زۆریان بە دەرمان چارەسەردەبن.
بۆ جۆری درێژخایەن، ئەوەی کە چەند جارێکە تووش بووە، یان ماوەیەکی زۆرە هەیەتی، یان ئەوانەی کە جۆرە تیژەکەیان هەیە و دەرمان سوودی نەبوو، ئەوا چارەسەری نەشتەرگەرییە.
نەشتەرگەرییەکە بریتییە لە بڕینی هەندێك ریشاڵی ماسوولکەکانی دەرچەی ناوەوە، بەمەش ماسوولکەکان تۆزێك شڵ و خاو دەبنەوە، وا دەکەن کە کەسەکە بە ئاسانی و بە بێ ژان دانیشێ، هەروەها زەخت لە سەر برینەکە کەم دەکاتەوە و دەبێتەهۆی ئەوەی کە خوێنێکی زۆر بۆ برینەکە بچێ و برینەکە چاك ببێتەوە.
شێوازێکی دیکەی چارەسەری بریتییە لە بۆتۆکس، بە دەرزیەك ماددەی بۆتۆکس لە ماسوولکەکان دەدرێت، کە دەکرێت بۆ هەردوو حاڵەتی کتوپڕ و درێژخایەن بەکاربهێنرێت، گرفتەکە ئەوەیە کە کاریگەری بۆتۆکس کەمە، تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی و بۆ ماوەی سێ بۆ شەش مانگە، پاش ئەم ماوەیە لەوانەیە ئەم حاڵەتە دووبارە سەر هەڵبداتەوە، ئەو کات تاکە چارەسەر نەشتەرگەرییە.
دارشتنەوە: هونەر رێبوار