"لە سێ ساڵى داهاتوودا نیوەی خەڵکی کوردستان دەکەونە بەر هەڕەشەى شێرپەنجە"
رووداو- هەولێر
بەپێى توێژینەوەیەک کە لەلایەن پزیشکێکى کوردەوە کراوە، خێرایى تووشبوون بە شێرپەنجە بە رێژەیەکى بەرچاو زیادى کردووە، بۆیە ئەو پزیشکە هۆشداریى دەدات لەوەی ئەگەر پێش بەو نەخۆشییە نەگیرێ، دواى سێ ساڵى دیکە نیوەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان لەبەردەم مەترسیى تووشبووندا دەبن بەو نەخۆشییە.
توێژینەوەکە لەلایەن د.کارزان محەممەد بە هاوکاریى تیمێک لە پزیشکانى ئەمریکى، لە ماوەى دوو ساڵدا لە کوردستان و عێراق کراوە و تایبەت بووە بە رێژەى شێرپەنجە لە کوردستان و عێراق و پاشان لە جۆرناڵى زانستى (JAMA oncology)) بڵاوکراوەتەوە. دکتۆر کارزان دەڵێت لەو توێژینەوەیەدا ژمارەى ترسناکیان دەستکەوتووە.
لەوبارەوە دەڵێت: "عێراق لەو وڵاتانە نییە کە زۆرترین شێرپەنجەی تێدایە، بەڵام لەو وڵاتانەیە کە شێرپەنجە بە خێرایى تێیدا بڵاودەبێتەوە، بە جۆرێک ئەمساڵ رێژەى خێرایى تووشبوون بە شێرپەنجە بەراورد بە ساڵانى نەوەتەکان 35% زیادى کردووە". ئەو توێژەرە هۆشدارى دەدات و دەڵێت: "ئەگەر تووشبوون بەو خێراییە بڕوات، لە ساڵى 2020 نیوەى دانیشتووانى عێراق لەبەردەم مەترسیى تووشبوون بە شێرپەنجەدا دەبن".
ئەوەى بەلاى ئەو پزیشکەوە لە کوردستان مایەی شۆک بووە، رێژەى تووشبوونى ئافرەتە بە نەخۆشییەکە و دەڵێت: "لەماوەى شەش مانگدا ژمارەیەکى زۆر ئافرەت تووشى شێرپەنجە بووبوون، زۆربەیان تووشى شێرنجەى مەمک و شێرپەنجەى منداڵدان بووبوون. بەڵام ئەوەى بۆ ئێمە شۆک بوو، 25%ى ئەو ئافرەتانەى بەو دوو جۆرە شێرپەنجەیە مردوون، سەرەتا شەرمیان کردووە بە کەسوکاریان بڵێن ئازار لە مەمک یان لە منداڵدانیاندا هەیە".
سەبارەت بە زۆرترین جۆرى ئەو شێرپەنجەیەى لە کوردستان بڵاوە، د.کارزان دەڵێت: "لەنێو ئافرەتاندا زۆرتر شێرپەنجەى مەمک و منداڵدان، لەنێو پیاوانیش زۆرتر شێرپەنجەى سییەکان بڵاوە".
بە گوتەى ئەو توێژەرە، زۆرترین حاڵەتەکانى تووشبوون بە نەخۆشیى شێرپەنجە لە سلێمانییە، بەڵام تووشبوون بە نەخۆشییەکە لە پارێزگاى دهۆک زۆر خێرایە، بە جۆرێک لە ماوەى شەش ساڵى رابردوودا 50% زیادى کردووە".
ئەوەى بەلاى ئەو گرووپە توێژەرەوە مایەی مەترسى بووە، جۆرە شێرپەنجەیەک بووە لە نێو منداڵان. د.کارزان دەڵێت "لەنێو منداڵاندا شێرپەنجەى خوێن بڵاوە. 3.8%ى منداڵان تووشبووى ئەو شێرنجەیەن یان مەترسى تووشبوونیان لەسەرە".
لە ئەنجامى توێژینەوەکە دەرکەوتووە رێژەى تووشبوون بە شێرپەنجە لە عێراق زیاترە بەراورد بە هەرێمى کوردستان، بەڵام کوردستان وەکو جۆرى تایبەت بە نەخۆشییەکە سەرنجڕاکێشترە. د.کارزان دەڵێت "لە شارێکى وەکو سەماوە تێبینیمان کرد زۆرتر شێرپەنجەى پێست لەنێو منداڵان بڵاوە، لە بەغداش زۆرتر شێرپەنجەى قۆڵۆن و گەدە بڵاوە".
لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بە هۆکارەکانى تووشبوون بە شێرپەنجە نەکراوە، د.کارزان لەو بارەیەوە دەڵێت "هۆکار زۆرن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، بەڵام لە کوردستان هیچ توێژینەوەیەک لەسەر هۆکارى تووشبوون نییە، ئێمە پێویستمان بە سەنتەرێک هەیە لە کوردستان کە کۆمەڵێک توێژەر کارى تێدا بکەن، بۆ ئەوەى هۆکارە سەرەکییەکەى تووشبوون بە شێرپەنجە دەستنیشان بکەن".
ئێستا د.کارزان و هاوکارەکانى پرۆژەیەکیان بۆ ئەوە لەبەردەستە و سەرقاڵی دامەزراندنى سەنتەرێکى تایبەتن بە دەستنیشانکردنى شێرپەنجە و هۆکارەکانى تووشبوون بەو نەخۆشییە.
د.کارزان گومانى لەو توێژینەوانە هەیە کە لە کوردستان دەکرێن و دەڵێت "زۆربەى ئەو توێژینەوانە هى ئەوە نین پشتیان پێ ببەستى، چونکە لەلایەن دەزگایەکى زانستیى متمانەپێکراوەوە نییە".
ئەو دەڵێت "لە کوردستان چارەسەرى شێرپەنجە بەشێوەى ستوونییە، لە کاتێکدا دەبێ تۆ بەشێوەى ئاسۆیى رووبەڕووى ئەو نەخۆشییە ببیتەوە، ئەویش بە دەستنیشانکردنى هۆکارەکانى تووشبوون و پشکنینى پێشگیرى لە نەخۆشییەکە".
لە هەرێمى کوردستان ئەو نەخۆشییە تاوەکو ئێستا بە نەخۆشییەکى چارەسەرنەکراو سەیر دەکرێ، بەڵام ئەو پزیشکە دەڵێت شێرپەنجە چارەسەری هەیە ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێ: "زۆر نیشانەى سەرەتایى تووشبوون بە شێرپەنجە لە پلازماى خوێن و تیشک دەدۆزرێتەوە. کە ئەو نیشانانەت دەستنیشان کرد دەتوانى بە چارەسەرى کیمیایى بە چەند دانیشتنێک چارەسەرى بکەى".
سەبارەت بە چارەسەرى کیمیایى کە ئێستا لە کوردستان بۆ چارەسەرى نەخۆشییەکە بەکاردێت، ئەو پزیشکە دەڵێت "بەپێى هەموو ئەو توێژینەوانەى لە جیهاندا کراون، 97%ى بەکارهێنانى دەرزى کیمیایى چارەسەر نییە، ئەگەر زوو نەخۆشییەکە دەستنیشان نەکرێ، بەڵام بە بەردەوام لە کوردستان ئەو دەرمانانە بە نەخۆش دەفرۆشرێن".
بۆ ئەوەى ببیت بە پزیشکى خۆت و پێویستت بە پزیشک نەبێ، ئەو دکتۆرە بە پێویستى دەزانێت کواڵیتى ژیانت چاک بکەى لە خواردن و خواردنەوە و هەروەها وەرزشکردن. چونکە وەرزش لە کەشوهەواى کراوە کۆمەڵێکى زۆر لەو خانانەى بەلاڕێدا رۆیشتوون، چارەسەر دەکات. هەروەها بارى دەروونى، چونکە خراپیى بارى دەروونى وا دەکات ئەو خانانەى بەلاڕێدا رۆیشتوون، زۆرتر ببن.
د.کارزان بکالۆریۆس و ماستەرى لە کوردستان بەدەستهێناوە، دکتۆراشى لە بەریتانیا خوێندووە، تاوەکو ئێستا 23 توێژینەوەى پزیشکى بڵاوکردووەتەوە کە نۆ لە توێژینەوەکانى لە جۆرناڵە زانستییە بەنێوبانگەکانى جیهاندا بڵاوکراونەتەوە. دوایین توێژینەوەشى ئەمساڵ لە جۆرناڵى زانستى (JAMA oncology) بڵاوکراوەتەوە کە دوو ساڵى خایاندووە و ستافێکى گەورەى جیهانى بەشدارییان تێدا کردووە. تێچووى توێژینەوەکە لە کوردستان 22 هەزار دۆلار بووە، بەڵام توێژینەوەکە بەگشتى نزیکەى یەک ملیۆن دۆلارى تێچووە و بیل گەیتس، خاوەنى کۆمپانیای مایکرۆسۆفت فەندى کردووە.
پرۆژەى چرۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەى شێرپەنجە
د.کارزان محەممەد، پسپۆڕ لە بوارى توێژینەوە لە شێرپەنجە دەڵێت، بەنیازى دامەزراندنى سەنتەرێکن بۆ پشکنینى پێشوەختە و دەستنیشانکردنى هۆکارەکانى تووشبوون بە نەخۆشیى شێرپەنجە. زانکۆى ئیشق بۆ ئەو مەبەستە باڵەخانەى بۆ دابینکردوون و ئێستاش لەڕێى پرۆژەیەکەوە بەناوى پرۆژەى چرۆ، هەڵمەتێکى کۆکردنەوەى کۆمەکیان بۆ دامەزراندنى سەنتەرەکە دەستپێکردووە. تێچووى سەنتەرەکە نزیکەى 1.5 ملیۆن دۆلارە و تۆڕى میدیایى رووداو سپۆنسەرى میدیایى پرۆژەکەیە.
د.کارزان دەڵێت "تاوەکو ئێستا 500 کەس ئامادەیى خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەى بەشدارى لە کۆکردنەوەى کۆمەک بۆ دامەزراندنى سەنتەرەکە بکەن. هەموو کەسێکیش دەتوانێ کۆمەکى ئەو سەنتەرە بکات، ئەگەر بە بەخشینى 250 دیناریش بێ".
گوتیشى: "کۆنسێرتى زۆر گەورە و یاریى دۆستانە رێکدەخەین بۆ کۆکردنەوەى پارە بۆ دامەزراندنى سەنتەرەکە".
ئەگەر ئەو سەنتەرە دابمەزرێ، د.کارزان دەڵێت "پێویستە هەر کەسێک ساڵانە لانیکەم دووجار پشکنینى پێشوەختە بۆ شێرپەنجە بکات. ئێمە دەتوانین رۆژانە بەبێ بەرامبەر ئەو پشکنینە بۆ 500 کەس بکەین".