دەکرێ دووبارە کۆندۆم بەکاربهێنرێتەوە؟
رووداو-سلێمانی
نێوەندێکی فەرمیی ئەمریکی دەڵێت بەشێک لە خەڵکی یەک کۆندۆم بۆ زیاتر لە جارێک بەکاردەهێنن پاش شوشتنەوەی، داواش دەکات خەڵکی واز لەو نەریتە بهێنن و کۆندۆمێکی نوێ بۆ هەر جارێک سێکسکردن بەکاربهێنن.
لە تویتێکدالە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، هەژماری فەرمی (بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە رێگەی سێکس) لە نێوەندی کۆنترۆڵکردن و پێشگرتن بە نەخۆشییەکان (CDC) دەڵێ: خەڵک وادەکەن بۆیە دەڵێین: کۆندۆم نە بشۆنەوە و نە زیاتر لە جارێک بەکاریبهێنن، بۆ هەر جارێک سێکسکردن، کۆندۆمێکی نوێ بەکاربهێنن.
دوو مەبەستی سەرەکی لە پشت بەکارهێنانی کۆندۆمەوەن؛ رێگاگرتن لە دووگیان بوون و پێشگرتن بەو نەخۆشییانەی لە رێگەی سێکس دەگویزرێنەوە و ئەگەر بە پێی رێنمایی کارگە درووستکەرەکان بەکاربهێنرێ، بۆ هەردو مەبەستەکە تا رادەیەکی بەرچاو کارایە.
پسپۆران دەڵێن شوشتن یان چەندجار بەکارهێنانی کۆندۆم وادەکات زیان بە پێکهاتەی لاتێکسی کۆندۆمەکە بگات و چیدیکە نەتوانێ ببێتە دیوارێک لە بەردەم دووگیانبوون و ئەو نەخۆشییانەی لە رێگەی سێکس دەگوێزرێنەوە.