چۆن تووشی نەخۆشی دەروونی دەبین؟

رووداو-سلێمانی

نەخۆشییە دەروونییەکان کۆمەڵێکن لە هەرە باوترین نەخۆشی کە تووشی مرۆڤ دەبن. لە مێژە مرۆڤایەتی سەرقاڵی دۆزینەوە و چارەسەری ئەم نەخۆشییانەیە، لەگەڵ زیادببونی زانیارییەکانیش تێ گەیشتنمان لەم نەخۆشییانە زیاتر بووە، بەڵام ئاڵۆزتریش بووە!


سەرەتا گرنگە بزانین کە نەخۆشکەوتن خۆی لە خۆیدا دەبێت بە سێ گروپەوە، یان ئۆرگانییە واتە ئەندامێکی لەش یان زیاتر تووشی پەککەوتن دەبێت وەکو نەخۆشی شەکرە یان بەردی گورچیلە یان شێرپەنجەی مەمک. یان ئەوەتا نەخۆشییەکە بە هۆی ناڕێکی کاری ئۆرگانێکەوە وەکو نەخۆشی کۆڵۆن و سەرئێشەی کاتی، بەم نەخۆشییانە دەوترێت فەنکشناڵ واتە پەیوەست بە کار و فرمانی ئەندامێک. دوا گروپ نەخۆشییە دەروونییەکانە. ئەمەش واتە هزر یان رەفتاری کەسێک نەخۆشی تێ دەکەوێت.


نەخۆشییە دەروونییەکانیش دابەش دەبن بۆ کۆمەڵێک گروپ: هەریەکەیان بە کورتی باس دەکەین

1- ئەوانەی پەیوەندییان بە گوشاری دەروونی هەیە: زۆربەیان لەکاتی یان لە پاش رووداوێکی نەخوازراو روودەدەن و ئیدی وا لەو کەسە دەکەن فیکر و رەفتاری بگۆڕدرێت.

2- ئەوانەی پەیوەندییان بە دڵەڕاوکێ هەیە: زۆربەیان لە ئەنجامی ترسی مرۆڤەکەوە لە شتێک یان rووداوێک دروستدەبن. ئەمەیان لە کوردستان زۆر زۆرە.

3- ئەوانەی پەیوەندییان بە مەزاج (موود)ی مرۆڤەوە هەیە: وەکو خەمۆکی، زۆربەی کات مرۆڤەکە دەکوژێتەوە و گریانی یەک لە دوایەکی تووش دەبێت.

4- شیزۆفرینیا و وەهمکردن: نەخۆشییەکی زۆر ئاڵۆزە.

5- ئەوانەی وا دەکەن مرۆڤ ئالوودەی کحول یان تریاک ببێت.

6- ئەوانەی پەیوەندییان بە کەسایەتی مرۆڤەوە هەیە: وەکو ئەو کەسانەی کە ئاوات دەخوازن خەڵکی تووشی بەڵا ببن و ئەمان پێیان دڵخۆش دەبن! بە داخەوە لە کۆمەڵگای ئێمەشدا هەیە.

7- ئەوانەی پەیوەندییان بە خواردن خۆرییەوە هەیە.

8- نەخۆشییە فەنکشناڵەکان: جاری وایە نەخۆشی کۆڵۆن دەبێت بە دەروونی.

9- لاوازی بەردەوام
10- ئەوانەی پەیوەندییان بە منداڵ بوونەوە هەیە.

چۆن تووش دەبین بە نەخۆشی دەروونی:


1- بۆماوە: گەر کەسێک هەڵگری جینێک بیت لە کەس و کاریەوە کە نەخۆشییەکی دەروونیان هەبێت ئەوا  ئەگەری ئەویش زیاد دەکات بۆ تووش بوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان. بەڵام مەرج نییە تووشیش بێت.

2- رەفتار و فیکر: هەر لە منداڵییەوە گەر کەسەکە بە رەفتارێکی تەندرووست بەخێو نەکرابێت یان بیرۆکەی هەڵەی بۆ دروست بووبێت ئەوا لە تەمەنی لاوی و دواتردا لێیدەبێت بە نەخۆشی دەروونی.

3- کۆمەڵایەتی و دەورەبەر: تێکچوون یان ناڕێکی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان یەکێکن لە هەرە بەهێزترین هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی.

چەند نموونەیەکی باو لە حاڵەتە دەروونیەکان:

-کوڕێکی گەنج پێنج دکتۆر دەگەڕێت و دەڵێت دەترسم تووشی شێرپەنجەی گەدە بووبم، سەرەڕای دڵنەوایی پزیشکەکان هەر قایل نابێت.
-کچێکی گەنج بە پەلە دەفڕێنن بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن بە بووراوەیی، بەڵام خۆی وای لە خۆی دەکات بۆ ئەوەی مێردەکەی بە قسەی بکات و بیبات بۆ بازاڕ!
-پیاوێک دێت و دەڵێت کە من سەرۆکی ئەمریکام و بە دزییەوە لە گوندەکەی خۆمان خۆم شاردۆتەوە، لە پڕ مۆبایلەکەی دەردەهێنێت و دەڵێت ئەوە سەرۆکی فەرەنسایە لەگەڵم قسە دەکات!
-ژنێک دێت و دەڵێت من کوڕەکەم نەمردووە، ئەوەتا دوێنێ گوێم لە دەنگی بوو لە ماڵەکەماندا قسەی دەکرد.

بە داخەوە، هەرچەندە نەخۆشییە دەروونییەکان زۆربەی زۆریان بە ئاسانی چاک دەبنەوە لای پزیشکی دەروونی، بەڵام لە وڵاتی ئێمە هەندێکیان دەبن بە قوربانی خێزانێکی نەفام کە پێیان عەیبە بیبەن بۆلای دکتۆر یان لە پزیشکەکە تووڕە دەبن کە راستییەکەیان پێدەڵێت. یان دەبن بە قوربانی دەستی دەججالێک و لە بەردەمی حەشامەتێکدا ئابڕوویان دەبات. یان و یان و یان...