بەدخواردنەوەی کحول چییە؟

کحول (مەشروب،ئارەق،شەراب…) بە هەر خواردنەوەیەک دەوترێت کە یەکێک لە ماددە کحولییەکانی تیابێت و ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە مەزاجی مرۆڤ، زیاد یان کەم.

خواردنەوەی کحول لە زۆر وڵاتاندا قەدەغەیە لەبەر مەبەستی ئایینی یان نەریت و لەو وڵاتانەشدا کە ڕێگەپێدراوە بەکارهێنانی دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵەوە. ئەمەش تەنها لەبەر مەترسییە تەندرووستییەکانی نییە بەڵکو هۆکاری کۆمەڵایەتی و ئابووریش هەن.


لەڕووی تەندرووستییەوە خواردنەوەی کحول مەترسیدارە گەر زیادەڕۆیی تێدابکرێت. واتە گەر پیاوان زیاد لە ٢١ یەکە کحول بخۆنەوە لە هەفتەیەکدا و ژنان زیاد لە ١٤ یەکە کحول بخۆنەوە لە هەفتەیەکدا. یەک یەکەی کحول دەکاتە نیو قتووی ٥٠٠ملم ی بیرە، یەک پەرداخی بچووکی ئارەق یان جن و یەک پەرداخی بچووکی شەرابی سوور.


ئامار

 رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت کە خراپ خواردنەوەی کحول دەبێتەهۆی گیانلەدەستدانی 5.2 ملیۆن مرۆڤ لە ساڵێكدا! 

یەکەم هۆکاریش بۆ زیانەکانی کحول پرسی فرۆشتنی کحولە نەک تەمەن و جۆری کحول. 

بۆ نموونە لە سکۆتلاندا کە دەناڵێنێت بە دەست زیانەکانی خواردنەوەی کحول لە ساڵی  ١٩٩٠وە، هۆکارەکەی دابەزینی نرخی خواردنەوە كحولییەكانە ، سوپەرمارکێتەکان زۆربەیان کحول دەفرۆشن و کاتی گازینۆ و یانەکان درێژکراونەتەوە و ڕێژەیەکی زۆری کحولی تێدا دەفرۆشرێت. 

هەروەها بۆیان دەرکەوتووە کە کۆمەڵگاش گۆڕاوە بە شێوەیەک کە زۆر خواردنەوەی کحول بووە بە شتێکی ئاسایی. ئەم گۆڕانکارییانە بوونەتە هۆی سێ ئەوەندە مردنی پیاوان و دوو ئەوەندە مردنی ژنان بە هۆی کحول. بە داخەوە زۆرێک لەم دیاردانە لە کوردستانیش هەن.

زیانەکانی زۆرخواردنەوەی کحول 


زیانەکان زۆر زۆرن و لێرەدا تەنها گرنگەکان باس دەکەین:


١- مەترسیدارترین زیان ئەوەیە کە مرۆڤەکە بەسەریەکەوە رادەیەکی زۆر دەخواتە کە پێی دەڵێن ژەهراوی بوون بە کحول. ئەمە هەندێک جار کووشندەیە دەستبەجێ. ئەمە ئەو حاڵەتەیە کە مرۆڤەکە ووڕ دەبێت و قسەکانی تێکەڵ دەکات و دەبوورێتەوە. 


٢-مێشک و دەمار: خەرەفان و لەناوچوونی دەمارەکانی لەش. هەستکردن و کارکردن لەناودەبات.

٣- جگەر: چەوری سەر جگەر و هەوکردنی جگەر،هەردووکیان سەردەکێشن بۆ شێرپەنجەی جگەر.
٤- سی: هەوکردن 
٥- دڵ: بەرزەپەستانی خوێن و پەک کەوتنی دڵ.
٦- نەزۆکی و مردنی منداڵی ناو سکی دایک گەر دایکەکە كحول بخواتەوە.
٧- خەمۆکی: زۆربەی ئەوانەی کە زۆر دەخۆنەوە تووشی خەمۆکی دەبن نەک دڵ خۆشبن!
٨- وڕێنەکردن.
٩- لە دەستدانی یادەوەری و گێل بوون.

ئەمانە سەرەڕای دەرەنجامە کۆمەڵایەتی و ی وەکو غائیب بووكەموكوڕیی لە دەوام و دەستنەکەوتنی ئیش و کار و کێشەی  بەردەوامی خێزانی و ئەزییەت دانی منداڵ و کێشەی ئابووری و کێشەی بەردەوام لەگەڵ یاسا بەهۆی تووشبوون بە شەڕ و برینداربوون و لادان لە یاساکانی هاتووچۆ.

بە هیوای دوورکەوتنەوە لەم ژەهرە کۆمەڵایەتییە...