دەریایەكی "مردوو" نەخۆشی چارەسەر دەكات
رووداو - عەممان
دەریای مردوو 60 كیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای عەممانی پایتەختی ئوردنە، 304 مەتر قووڵە و بەردەوام گەشتیاران لە هەموو جیهانەوە سەردانی دەكەن، لەبەرئەوەی سوودی دەرووندروستی و تەندروستی هەیە.
خاتوونێك كە خەڵكی ژاپۆنە، لە وڵاتی تەكنەلۆژیاوە هاتووە بۆ كەناری دەریای مردوو چارەسەری سروشتی وەربگرێت، هەموو جەستەی سواخداوە بە قوڕی دەریای مردوو "كێشەیەكی پێستم هەیە، پێیانگوتم بێمە ئێرە، هیوادارم كات، رەنج و پارەكەم بە فیڕۆ نەڕوات".
خانمە ژاپۆنییەكە پاشان دەچێتە نێو ئاوی دەریای مردوو، ئاوێك كە كەس نوقم ناكات و ئەویش لەسەر پشت خەریكی مەلەكردنە.
گەنجێك كە لە دانیماركەوە هاتووە، قوڕ زۆرینەی جەستەی داپۆشیوە، دوای خۆسواخدان بە قوڕی ژێر دەریا، بۆ ماوەیەك لەبەر خۆر دادەنیشێ، چاوەڕێیە قوڕەكە وشك ببێتەوە. گەنجە دانیماركییەكە دەڵێت "هەستێكی سەیرم هەیە، قوڕەكە پێستم دەگوشێ، دوای خۆشۆردنیش پێستم زۆر نەرم دەبێتەوە".
كریستن لە ئەوروپاوە هاتووە، ناوبانگی دەریای مردووی بیستووە و دەیەوێت سوودی دەروونی و تەندروستی وەربگرێت، دوای سواخدانی جەستەی بە قوڕی دەریای مردوو، ئێستا خەریكی مەلەكردنە، ئەو بە (رووداو)ی گوت: "تاوەكو خۆت نەیێیتە نێو ئاوەكە نازانی چۆنە، زۆریان بۆ باسكردووم، بەڵام كە خۆت لەنێو ئاوبیت جیاوازە".
لەوێ سەنتەرێكی چارەسەری سروشتیش هەیە، سەرپەرشتیارەكەی پیاوێكە بە وڵاتینامە ئەڵمانییە و بە رەچەڵەك ئوردنییە، پرۆفیسۆری چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی پێستە بە شێوازی سروشتی. د. زوهێر دەریای مردوو بە چارەسەری زۆر لە نەخۆشییەكان دەزانێت.
ئەو تیشكی خۆر لە دەریای مردوو وەك چارەسەر بەكاردەهێنێت بۆ چەند نەخۆشییەكی پێست و جومگە، هەروەها سوود لە رێژەی بەرزی ئۆكسجین وەردەگرێ لە هەوای دەریای مردوودا "دەزانی كە لەسەر شاخە بەرزەكان ئۆكسجین كەمە، بەڵام تاوەكو نزم ببیتەوە ئۆكسجین زیاتر دەبێت، ئێمە 425 مەتر لە ئاستی رووی دەریا نزمین و ئێرە نزمترین خاڵی سەر گۆی زەوییە، بۆیە ئێمە زۆرترین ئۆكسجینمان هەیە". پسپۆڕە ئەڵمانییەكە بەدەم رۆیشتنەوە لەنێو سەنتەرەكەیدا ئەمانەی بۆ باس دەكردین.
نێو سەنتەرەكەی د.زوهێر پڕە لە ئاوی دەریای مردوو، ئەو دەڵێت رێژەی خوێ لە ئاوی دەریای مردوو زیاترە لە 29%، ئەمەش چارەسەرە بۆ چەندین نەخۆشی. ئەو دەڵێت: "هێندە بەسە كە ئاوی دەریای مردوو حەوت هێندەی دەریاكانی دیكە سوێرە و كانزا و ماددەكانی نێوی سوودی تەندروستی زۆریان هەیە".
لە ژوورێكی سەنتەرەكەیدا كچێكی ئیندۆنیزی، پیاوێكی ئوردنی بە قوڕ سواغ دابوو، لە پسپۆڕەكەم پرسی ئاخۆ سوودی ئەم كردارە چییە، د.زوهێر گوتی "ئەمە یەكێك لەو هەنگاوانەیە كە بەهۆیانەوە 30%ی تووشبووانی سەدەفیە بە تەواوی چاك دەبنەوە. ئەو دەڵێت ئەم چارەسەرە تەنیا لە دەریای مردوو هەیە، "پێست و جومگە سوودمەندی یەكەمی پێكهاتەكانی دەریای مردوون".
گەشتیاران لەسەر خۆڵی دەریای مردوو لە كەناری دەریاكەدا هەوا هەڵدەمژن و خۆیان داوەتە بەر تیشكی خۆر، هەمووان لە تەمەنە جیاوازەكانەوە هەمان كردار جێبەجێ دەكەن، تەمەن و رەگەزەكان جیاوازن و ئامانج یەكێكە. پرۆسەكە وا رێكخراوە كە لە كۆتاییدا بە هەمان ئاو، خۆیان بشۆن.
دەریای مردوو سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی وڵاتەكەیە. ئوردن بەمە وازی نەهێناوە، چەندین كارگەی گەورەی دروستكردوون كە پێكهاتەكانی دەریای مردوو دەكەنە چارەسەری سروشتی بۆ ئەوەی بیفرۆشنەوە و سوودێكی دیكە بە ئابووریی وڵاتەكەیان بگەیەنن.
فرۆشگەی كارگەی دۆڵمین لە قەراخی عەممانی پایتەخت خەریكی فرۆشتنی بەرهەمەكانیەتی، بەهێزترین براندی دەریای مردووە لە ئوردن كە پاكێجینگی تەواویان بۆ ماددەكان كردووە، پابەندی ستانداردە لۆكاڵی و جیهانییە تەندروستییەكانن.
مەحموود گەنجێكی مووزەردی چالاك كە خاوەنی كارگەكە و فرۆشگەكەیە، دەڵێت لە بواری جوانكاری و چارەسەری پزیشكیدا دەستێكی باڵامان هەیە.
ئەوانەی دێنە دۆڵمین بە سەبەتە دەرمانی سروشتی دەبەنەوە، بابەتەكان پزیشكی و جوانكارین.
دۆڵمین پێكهاتە جیاوازەكانی ئاو، هەوا و خاكی دەریای مردووی خستووەتە نیو پاكێجی تایبەتەوە، لە بواری چارەسەری سروشتی و جوانكاریدا بەكاریاندەهێنێ.
مەحموود دەڵێ كوردیش سەردانی دەكەن، زۆری پێنەچوو كوردێك بووە میوان و قسەكەی مەحموودی پشتڕاست كردەوە، سەلیم مامۆستایە و لە هەولێرەوە هاتووە، دەڵێت "هەموو ساڵێك سەردانی ئێرە دەكەم، گەشتێكی خۆشە و چارەسەریشە".