کاری شەوانە ئەگەری قەڵەوبوون زیاددەکات
رووداو-سلێمانی
توێژینەوەیەکی نوێی زانستی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ئەو کەسانەی شەوان کار دەکەن، ئەگەری قەڵەوبوونیان بە راددەی 35% زیاددەکات.
توێژەرەکان لە زانکۆی چینی بوون لە هۆنگ کۆنگ و لە سرووشتی کارکردنی فەرمانبەرەکان و پەیوەندییان بە تەندروستییانەوە لێکۆڵینەوەیان کردوە. هەروەک داتای 28 توێژینەوەی پێشوویان وەرگرتوون کە لەسەر فەرمانبەران و کاتەکانی کارکردنیان کۆڵیویانەتەوە.
لە توێژینەوەکەدا، کە دەیلی مەیڵی بەریتانی ئاماژەیپێکردووە، هاتووە کە کارکردنی شەوانە ئاست هۆرمۆنی هێورکەرەوە و خەوێنەری (میلاتۆنین) کەمدەکاتەوە و باڵانسی پرۆسەی زیندەپاڵیش دەشێوێنێ.
وەک توێژەرەکان بۆیان دەرکەوتووە، کاری شەوانە پرۆسەی زیندەپاڵ (سووتاندنی شەکر و چەورییەکان بۆ پێکهێنانی وزە) هێواشدەکاتەوە، ئەوەش قەڵەوی لێدەکەوێتەوە.
لاپ ئاه سی، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، دەڵێ لەسەر ئاستی جیهان 700 ملیۆن کەس لە شفتی شەوانەدا کاردەکەن. "توێژینەوەکەی ئێمەش پەیوەندی بینیوەتەوە لەنێوان شفتی شەوانەی کارکردن و قەڵەوبووندا".
ئاه سی گوتووشیەتی بەرکەوتنی روناکیی دەستکردی گڵۆپ و رووناککەرەوە دەستکردە بەهێزەکان لە شەواندا، ئاستی هۆرمۆنی میلاتۆنین کەمدەکاتەوە و سەرەنجام خەو دەزڕێنێ.
پێشووتریش توێژینەوەی زانستی دەریخستبوو کارکردن لە شفتی شەوانە، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات.