رووداو-سلێمانی
توێژینەوەیەکی نوێ دەڵێ نەنووستن و کارکردن لە شەودا رێگە لەوە دەگرێ جەستە ئەو زیانانە چاک بکاتەوە کە بە ترشە ناووکییەکان (DNA) دەگەن، ئەو بازدانە بۆماوەییانەش زیاددەکات کە دەبنەهۆی تووشبوون بە شێرپەنجە.
پێشووتر پەیوەندی بیندرابووەوە لەنێوان کاری شەوانە و ئەگەری تووشبوون بە شەکرە، قەڵەوی، نەزۆکی، نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن.
توێژەران دەیانزانی کە کارکردنی شەوانە دەبێتەهۆی تێکدانی کاتژمێری بایۆلۆجی جەستە، بەڵام دڵنیانەبوون لەوەی لەسەر ئاستی خانەکانی لەش چی روودەدات کاتێک شەوان لە بری نووستن، کاردەکەین.
ئێستا توێژەرانی ئەمریکی بۆیان دەرکەوتووە کاتێک شەوانە کار دەکەین و خەوێکی ئاساییمان نابێ، دەردانی ماددەیەکی کیمیایی لە جەستەدا بە راددەی 80% کەمدەکات کە ئەرکی ئەوەیە ئەو ناتەواوییانە چاک بکاتەوە کە لە ترشە ناووکییەکانمان درووستدەبن.
بە بڕوای توێژەرەکان هۆکاری ئەو ناتەواوییە لە چاککردنەوەی ترشە ناووکییە زیانپێگەیشتووەکان، کەمیی هۆرمۆنی "میلاتۆنین"ە کە ئاستەکەی لە خەوی شەوانەدا دەگاتە لووتکە و لە خەوی رۆژانەدا زۆر کەمترە.
د.پەروین بەهاتی، لە سەنتەری فرێد هەچنسن تایبەت بە توێژینەوە لە شێرپەنجە، دەڵێ "شەوبێداریی تواناکانی جەستە سنورداردەکات بۆ چاککردنەوە و بەگەڕخستنەوەی ئەو ترشە ناووکییانەی تووشی زیان هاتوون".
توێژینەوەکە لەسەر 50 کرێکار و فەرمانبەری شەوانە ئەنجامدرا و ئاستی ماددەی "OH-dG-8" لە جەستەیاندا پێوانەکرا، کە بەرپرسە لە چاککردنەوەی ترشە ناووکییەکان. پاشان گواسترانەوە بۆ کاری رۆژانە و پاش ماوەیەک دەرکەوت ئاستی ئەو ماددەیە لە جەستەیاندا بە راددەی 300% زیادیکرد.
توێژەرەکان دەڵێن وا باشە بیر لەوە بکرێتەوە هۆرمۆنی خەو بەو کرێکارانە بدرێ کە بە شەو کاردەکەن و بە رۆژ دەنوون، چونکە هەرگیز خەوی رۆژانە نابێتە جێگری خەوی شەوانە لەڕووی درووستکردنی ئەو هۆرمۆنەوە.
ئەنجامی توێژینەوەکە لە جۆرناڵی زانستی "Occupational & Environmental Medicine" بڵاوکراوەتەوە و دەیلی تەلەگراف ئاماژەیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ