زۆر دانیشتن لەخانماندا دەبێتە هۆی زوو دەرکەوتنی نیشانەکانی پیربوون
رووداو - هەولێر
توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکانی زانکۆی کالیفۆرنیا دەریخستووە، هۆکاری زوو دەرکەوتنی نیشانەکانی پیربوون لە زۆربەی خانماندا دەگەڕێتەوە بۆ زۆر دانیشتن.
پزیشکان رێنمایی خانمان دەکەن، بۆ ئەوەی گەنجتر دەربکەون، دەبێت زیاتر چالاکی جەستەیی ئەنجامبدەن، ئەمەش لەڕێگەی ئەنجامدانی کارەکانی ماڵەوە یان پیادەڕەویکردن دەبێت.
د. ئاڵادین شادیاب، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، شێوازی ژیان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت بۆ دواخستنی یان پێشخستنی نیشانەکانی پیربوون، بەجۆرێک شێوازی ژیانی ناتەندروست لە زۆر خواردن و نەبوونی هیچ چالاکییەکی وەرزشی هۆکارن بۆ زوو دەرکەوتنی نیشانەکانی پیربوون بەتایبەت لە خانماندا.
لە توێژینەوەکەدا بەدواداچوون بۆ شێوازی ژیانی خانمە بەشداربووەکان کرا، لە ئەنجامدا دەکەوت ئەو خانمانەی زۆربەی کاتەکانییان بە زۆر دانیشتن بەسەر دەبن، هەشت ساڵ پیرتر دەردەکەون، بە بەراورد بەتەمەنی راستەقینەییان.
پزیشکە ئەمریکییەکان روونیدەکەنەوە، رۆژانە بە بەسەربردنی زیاتر لە 10 کاژێر بە دانیشتن. ئەو ناوچەی کرۆمۆسۆمەکان کە بە (تێلۆمیر) ناسراوە لەنێودەچێت، کە ئەمەش بەرپرسە لە پاراستنی DNA خانەکان و سەرەنجام پیربوونیان.
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن