پێنج بکە و پێنج تەرک بکە!

بۆ ئەوەی دووربیت لە زۆربەی نەخۆشییەکان، یان کە نەخۆش کەوتیت بزانیت چی بکەیت، پێنج کار بکە و واز لە پێنج کاری دیکە بهێنە. 
 
پێنج شت بکە: 
1- وەرزش: زانست سەلماندوویەتی کە وەرزش بە سوودە بۆ جەستەت و دەروونیشت. هەروەها ئەگەر نەخۆشیش بیت، بە تایبەتى ئەگەر نەخۆشییەکەت (شەکرە، بەرزە پەستانی خوێن، جومگە سۆ و جەڵتەی دڵ) بوو، وەزرش وا دەکات زوو چاک ببیتەوە. ئەگەر پێت کرا وەرزشێکی پرۆفێشناڵ بکە لای مامۆستایەکی وەرزش یان یانەیەک. ئەگەر نەگونجا ئەوا چوار رۆژ لە هەفتەیەکدا دابنێ بۆ رۆشتن یان مەلە یان پەتپەتێن بۆ ماوەی نیو سەعات. ئەوەندە بەسە! 
 
2- کەمخۆری و باشخۆری: زانست سەلماندوویەتی یەکێک لەو شتانەی لەشمان دەپارێزێت کەمخۆری و خواردنی خۆراکە بەسوودەکانە وەکو سەوزە و میوە، شۆربا و شلە کوردییەکان، هەروەها خواردنی گەنم و برنج و گۆشتەکان، بەڵام بە کەمتر. خراپ ئەوەیە زۆر بخۆیت جا ئەگەر خۆراکەکە باشیش بێت، یان خۆراکە قورسەکانی وەکو برنج و گۆشت زیاتر بخۆیت تا شۆربا و سەوزە و میوە. 
 
3- پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی پتەو: زانستی پزیشکی دەڵێت هەتا مرۆڤ پەیوەندیی کۆمەڵایەتی باش بێت زۆرتر و تەندروستتر دەژی. گرنگە هەموومان پەیوەندییەکی باش دروست بکەین لەگەڵ کەسوکار، دراوسێ و کۆمەڵگا. هەروەها سەلمێنراوە کە پەیوەندیکردن بە گرووپەکان یان بەشداربوون لە بۆنە ئاینییەکان و کۆمەڵایەتییەکان ئەگەر گونجاو بوون وا دەکات دوور بین لە نەخۆشییە دەروونییەکان. 
 
4- پابەندبوون بە دەرمان: هەموو رێنماییەکان دەڵێن و یەکلابووەتەوە کە تەنیا دەرمانەکان چاکمان دەکەنەوە لە کاتی نەخۆشکەوتنمان. هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە کە جگە لەو دەرمانانەی باوەڕپێکراون شتێکی دیکە هەبن بەسوود بێت. بەکارهێنانی دەرمانەکان لە ژێر چاودێریی پزیشک زوو چاکت دەکاتەوە یان نەخۆشییەکەت رێکدەخاتەوە و لە موعاناتی نا پێویست دەتپارێزێت. 
 
5- خۆپاراستن لە درم: هەر لە ئەزەلەوە مشەخۆرەکان و درمەکان لەگەڵمانن و بە دەگمەن مرۆڤێک دەبینیت تووش نەبووبێت پێیان. راستە زۆربەی نەخۆشییە درمەکان ئاسان تێدەپەڕن، بەڵام هەندێکیان مل دەنێن بۆ شێرپەنجە و پەککەوتنی لاشەمان، ئەمە جگە لە تووشبوون بە تا و لەرز و ناڕەحەتیی زۆر. خۆت بپارێزە لە هەموو شتێک باشترە. 
 
ئەو پێنج شتەش مەکە: 
1- جگەرە مەکێشە: هیچ شتێک لەم دنیایەدا ئەوەندەی جگەرەکێشان زیانى بۆ مرۆڤ نەبووە. تاکە فاکتەرێک کە لە سەداسەد مرۆڤ نەخۆش دەخات جگەرەکێشانە. جا بە جەڵتەی دڵ بێت یان دەماخ یان بە شێرپەنجەی سییەکان، یان بە ورووژاندنی رەبوو بێت. بە رای من جگەرەکێشان یەکەم هەنگاویشە کە دەڵێت من بڕوام بە لۆژیک و زانست نییە و رازی دەبیت بە کەللەڕەقی! 
2- گوێ مەگرە بۆ هەموو کەسێک یان سەرچاوەیەک کە زانستی نەبێت: لەبەرئەوەی لەم ژیانەدا گەورەترین سەرمایە تەندروستیمانە، وریا بە جگە لە پزیشک کەسی دیکە یان شوێنی دیکە نەکەیت بە سەرچاوەی ئامۆژگاری. ئەو پزیشکەی کە هەرگیز نایناسیت و چارەسەرت دەکات، بۆ تەندروستیت زۆر زۆر باشترە لە نەنکت یان دایک و باوکت یان دراوسێکەت یان هاوڕێکەت یان فاڵچییەکە، یان ئەو بابەتە نازانستییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبنەوە. 
3- مەشروب و دەرمانی هۆشبەر: لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە کە زۆرخواردنەوە یان گیرۆدەبوون بە کحولییەکان و دەرمانە تریاکەکان دەبنە هۆی تێکچوونی باری کۆمەڵایەتی، دروستبوونی دەیان نەخۆشی و رووداوی هاتوچۆ. 
4- کات بە فیڕۆ مەدە: رێکخستنی کاتەکانی رۆژ و ئاگابوون لە هەڵسوکەوتت، وا دەکات گوشاری دەروونی کەم ببێتەوە لە سەرت، باشترە نەخۆشییەکان کۆنترۆڵ بکەیت و ئاسوودەتر بیت. 
5- نەخۆشییەکەی خۆت دەستنیشان مەکە: پزیشکەکان بە گوێگرتن لە نەخۆش و پاشان پشکنین و پاشان پشکنینی تاقیگە ئینجا دەتوانن دڵنیا بن کە چۆن چارەسەرت بکەن. تۆ خۆت نەکەی بە پزیشکی خۆت. زۆربەی پزیشکەکان شارەزاییان نییە لە ئەندازیاری و میوەفرۆشتن و فەتوای شەرعی و بڕیاری سیاسی و ئوتۆمبێل چاککردن و کشتوکاڵ، چونکە ئەوە ئیشی ئەوان نییە و دەبێت مەجبووری خەڵکی دیکە بن فریایان بکەوێت. تۆش ئەگەر پزیشک نیت دەبێت پزیشک تەندروستیت چاک بکاتەوە نەک ئەو بەڕێزانەی باسمانکردن. 
 
* دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ