لە بۆسنە سیانەیەکی لەیەکچوو لەدایکدەبێت
لە بۆسنیا و هێرسک سیانەیەکی لەیەکچوو لەدایکدەبن، پزیشكانی خانمان و منداڵبوونی وڵاتەکەش دەڵێن هەر سێ منداڵەکە کچن و ئێستا تەندروستییان جێگیرە.
بەگوێرەی زانستی پزیشكی لەنێو هەر هەزار حاڵەتی دووگیانی، 2-3 یان دووانەی لەیەکچوو دەبن و لەنێو 200 ملیۆن دووگیانیشدا، تەنیا یەک سییانەی لەیەکچوو لەدایکدەبێت.
بلازینکۆ و ئاناماریجا باوانی سێ منداڵەکەن، دەڵێن پزیشکەکەیان سەرەتا گوتی کە منداڵەکانیان دووانەیە، بەڵام کاتێك سییانەیەکی لەیەکچوویان لەدایک دەبێت، بۆ ئەوان دەبێتە جێگەی سەرسوڕمان.
ئاناماریجا مارتینۆڤیچ، دایکی منداڵەکان، دەڵێ "کاتێک هاتمە ماڵ و بە ئەندامەکانی خێزانەکەمم گوت دووگیانییەکەم سیانەیە و لێکچوون کەس باوەری نەکرد، چونکە سەرەتای دووگیانیم پزیشکان پێیان گووتبووم کە ئەوان دووانەن".
ئەم دایک و باوکە ئێستا بوونەتە خاوەنی سێ کچی لێکچوو، پزیشکان دەشڵێن تەندروستی هەرسێکیان زۆرباشە و هیچ کامیان تووشی هیچ شێواوییەکی سکماکی نەبووە.
بلازینکۆ مارتینۆڤیچ، باوکی منداڵەکان، دەڵێ "من شانازی دەکەم، ئەم هەستەم دەرنابردرێت، ناکرێت، کاتێک بیر لەوە دەکەمەوە بومەتە باوکی سێ کچی جوان و گەشەیان دەبینم زیاتر هەست بە دڵخۆشبوون دەکەم، بەتایبەتی کاتێک بیردەکەمەوە کە ئەوان لێکچوون، تەنیا دەتوانم بڵێم سوپاس بۆ خوا".
ئەم منداڵانە بەجۆرێک لەیەکدەچن کە دایک و باوکیان دەڵێن تەنیا بە کێش و بە هەست لێکیان جیادەکەنەوە.
لە هەر حاڵەتێكی دووگیانی لەمشێوەیەدا کە تیایدا سیانەی لێکچوو لەدایکدەبن، هەر سێ منداڵەکە لە یەک هێلکەی پیتێندراو لە یەک سپێرمەوە دروستدەبن. لە سیانە یان دووانەی لەیەکچوودا هەمیشە رەگەزی منداڵەکان هاوشێوەیە.