هەموو شتێك دەربارەی کورتی باڵا لە منداڵدا
د. دەوەن دڵشاد عبدالله*
کورتی باڵا لە منداڵدا
منداڵ بە باڵا کورت هەژمار دەکرێت کاتێک درێژی باڵای لە (٢) دوو ستاندەرد کەمتر بوو لە درێژی ئاسایی بۆ هەمان ڕەگەز و تەمەنی خۆی، وە ئەو درێژییەش بە پێوانی گونجاو و ورد ئەنجام دەدرێت و دەخرێتە سەر خشتەی گەشە و بەراورد دەکرێت لەگەڵ هاورەگەز و هاوتەمەنی ئاسایی خۆی.
کورتی باڵا یەکێک لە باوترین ئەو نیشانانەن کەوا لە خانەوادە دەکات سەردانی پزیشک بکەن بۆ ئەوەی منداڵەکەیان درێژییەکی گونجاوی هەبێت.
کورتی باڵا لە منداڵدا لەوانەیە ئاسایی بێت (واتە منداڵەکە خۆی شێوەی جەستەی ورد بێت) یاخود لەوانەیە بەهۆی نەخۆشییەوە بێت.
دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی کورتی باڵا
دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی کورتی باڵا کارێکی گرنگە و پێویستە بزانرێت کە ئایا ئەو منداڵە بەهۆی نەخۆشییەوە باڵای کورتە یاخود نا. بەشێوەیەکی گشتی منداڵی کورت کە بەهۆی نەخۆشییەوە کورتن لە قۆناخێک لە قۆناخەکانی گەشەی منداڵەکە دەوەستێت و زیاد ناکات یاخود لەوانەیە تەنها ئەو منداڵە بە جۆرێکی سەرنجراکێش کورت بێت بە بەراورد لەگەڵ ئەندامانی تری خانەوادەکەی.
زۆربەی منداڵانی کورت هۆڕمۆنی گەشەیان ئاساییە واتە خۆیان وردن بەڵام چونکە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی کەمی هۆڕمۆنی گەشە چارەسەری ئاسانترە بۆیە گرنگە پشکنین نۆ منداڵی کورت بکرێت.
منداڵ کە لەدایک دەبێت درێژی باڵای دەوروبەری (٥٠ سم)ـە، زۆرترین زیادبوونی باڵا لە یەکەم ساڵی تەمەنی کە دەوری ٢٥ سم باڵا زیاد دەکات، پاشان ١٠ سم بۆ هەر ساڵێک پاش یەکەم ساڵی تەمەن تاکو ٣ ساڵ، پاشان درێژبوون کەم دەکاتەوە بۆ ٦-٧ سم بۆ هەر ساڵێک دیسانەوە لەکاتی باڵخبوون زیاد دەبێتەوە بۆ ١٠ سم بۆ هەر ساڵێک. چاودێریکردنی گەشە و درێژی منداڵ پێویستی بە پێوانی وردی درێژی و کێشە لەکاتی جیاوازدا هەروەها پێوانی درێژی باڵای دایک و باوک و دیاریکردنی قۆناخی گەشەی منداڵ.
پێوانی زیادبوونی درێژی پێویستی بە دوو یان زیاتر پێوان هەیە کە بەلایەنی کەم ٦ مانگیان لە نێوانیان بێت و بەروارد بکرێت لەگەڵ درێژی منداڵی نۆرماڵ بە هەمان تەمەن و ڕەگەز. پێوانی درێژی دایک و باوک گرنگە بۆ ئەوەی درێژی چاوەڕوانکراوی منداڵ بزانرێت ( درێژی دایک + درێژی باوک ٪٢ + ٦.٥ سم ئەگەر کور بوو – ٦.٥ سم ئەگەر کچ بوو.)
ئەو درێژییە چاوەڕوانکراوە ١٠ سم زیاد و کەم ئەگەری دەبێت.
هۆڕمۆنی گەشە لە خانەکانی رژێنی پیتویتەری لە مێشک دەردەدرێت بە گرنگترین هۆکار دادەنرێت بۆ گەشەیەکی تەندروست.
دەردانی هۆڕمۆنی گەشە جگە لەوەی بەهۆی هەندێک کرداری زیندەگی لەلەشدا دەردەدرێت هەروەها خەوی باش، خواردنی باش و وەرزش کاریگەری باش دەبێت لەسەر دەردانی هۆڕمۆنی گەشە.
هۆکارەکانی کورتی باڵا
کورتی باڵای خێزانی:
ئەم جۆرە کورتی باڵایە یەکێکە لە جۆرە نۆڕمالەکان کاتێک کە تاکەکانی خانەوادە منداڵەکە هەموویان کورتن بەشێوەیەکی گشتی منداڵەکە درێژی کەمە (بەڵام نۆرماڵە) واتە لەچاو هاوڕێکانی وردە، ئەویش بەهۆی کورتی باڵای (وردی) دایک و باوکێتی).
گەورەنەبوونی ئێسکی لەش:
هەندێک جار منداڵ باڵای کورتە ئەویش بەهۆی گەورەنەبوونی ئێسکی لەشی. ئەو جۆرە منداڵانە هەر کورت دەمێنن تاکو ١١-١٣ ساڵ لەو کاتەدا لەناکاو باڵایان زیاد دەکات و نۆرماڵ دەبێتەوە (لەوانەیە دایکی یاخود باوکی هەمان ڕێرەویان هەبووە لە هەمان تەمەن)، ئەم جۆرە کورتییە پێویستی بە تیشکی ئێکس هەیە بۆ ئەوەی تەمەنی ئێسکی دیاربکرێت. بەشێوەیەکی گشتی ئەم جۆرە باڵا کورتییە پێویستی بە چارەسەر نییە تەنها چاودێریکردنی پێویستە.
ئەو منداڵانەی کە لەدایک دەبن بچووکن:
ئەو منداڵانەی کە لەدایک دەبن بچووکن (واتە کێشیان لە ٢،٥ کغ کەمترە) لەوانەیە گەشەیان زۆر باش نەبێت، ئەگەر تاکو پاش دوو ساڵ هەر باڵا و کێشیان کەم بوو ئەوا پێویستی بە چارەسەر دەبێت.
کەمی هۆڕمۆنی گەشە:
ئەو جۆرە منداڵانە باڵایان کورتە وە لەکاتی پشکنینی خوێن دەردەکەوێت کە هۆڕمۆنی گەشەیان کەمە پێویستی بە چارەسەری خێرا دەبێت.
نەخۆشی درێژخایەن:
زۆر نەخۆشی درێژخایەن هەن کە کاریگەری لەسەر باڵا دەبێت و گەشەی منداڵ دەوەستێنێت بۆ نموونە (کەمی دەردانی رژێنەکان، سستی گورچیلە، سستی دڵ، هەندێک نەخۆشی بۆماوەیی وەک مەنگۆلیزم... هتد) کە هەریەکەیان چارەسەریان جیاوازە.
بەشێوەیەکی گشتی منداڵی کورت پێویستی بە پشکنینی کلینیکی و پشکنینی خوێن هەیە بۆ ئەوەی چارەسەری پێشوەختەی بۆ بکرێت.
چارەسەری کورتی باڵا لە منداڵدا
چاودێریکردنی گەشە و باڵا:
ئەگەر هۆکاری کورتی باڵای منداڵ بەهۆی کورتی خانەوادەکەی بوو (واتە دایک و باوکی کورت بوون) ئەوا چاودێریکردنی گەشە و باڵای منداڵەکە باشترین ڕێگا چارەسەرە و لەوانەیە پێویستی بە چارەسەری دەرمانی نەبێت.
هۆڕمۆنی گەشە:
پێدانی هۆڕمۆنی گەشە بۆ ئەو منداڵانەی کە باڵایان کورتە پێویستی بە پشکنین و خۆ ئامادەکردن هەیە چونکە هەر منداڵێک هۆڕمۆنی گەشەی وەرگرت پێویستە تاکو نزیکی ١٤-١٥ ساڵی وەری بگرێت و ٦ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا. ئەم دەرمانە پێویستی بە چاودێری هەیە چونکە بەدەر نییە لە کاریگەری لاوەکی، هەروەها هەر منداڵێک هۆڕمۆنی گەشەی وەرگرت پێویستە چاودێری باڵای بکرێت و بزانرێت کە زیادبوونی باڵای بە گوێرەی پێویستە یاخود نا، وە خانەوادەی منداڵەکە ئاگاداربکرێتەوە لە ئەگەرەکانی ڕوودانی هەر ماکێک کە بەهۆی هۆڕمۆنی گەشەوە ڕوودەدات.
بەشێوەیەکی گشتی هۆڕمۆنی گەشە پێویستە بدرێت بەو منداڵانەی کە باڵایان کورتە بەهۆی:
• کەم دەردانی هۆڕمۆنی گەشە (کە بە پشکنینی خوێن دەستنیشان داکرێت).
• کەم کێشی لەدایکبوونی پێش وەخت (ئەو منداڵانەی کە کێش و باڵایان کەم و پێش وەخت لەدایک دەبن و تاکو دوو ساڵی تەمەنی هەر وردن.
• سستی گورچیلە: ئەو منداڵانەی باڵا و قەبارەیان بچووکە بەهۆی کەم خواردن، کەم خوێن، لاوازی ئێسک، ترشبوونی خوێن.... هتد پێوستیان بە هۆڕمۆنی گەشە هەیە.
• کورتی باڵای بێ هۆکار: زۆرجار منداڵ باڵای کورتە بەڵام هەموو پشکنینە خوێنی و کلینیکیەکانی نۆڕماڵە، دایک و باوکی باڵایان نۆرماڵە. ئەم جۆرە منداڵانە پێویستیان بە هۆڕمۆنی گەشە هەیە.
• تیرنەر سیندروم: ئەم نەخۆشییە بریتییە لە نەبوونی یەک کرۆمۆسۆمی (X) لە ئافرەتدا بەشێوەیەکی گشتی باڵایان کورتە و پێویستی بە هۆڕمۆنی گەشە دەبێت.
*پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی منداڵان- هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا "بۆرد" لە نەخۆشییەکانی منداڵان و تازە لەدایکبووان