راستکردنەوەى هەندێک هەڵە تێگەیشتنى تەندروستى


لەگەڵ دەستپێکی ساڵێکی نوێدا، پێداچوونەوەیەک بە بیروبۆچوونە هەڵەکان دەکەین لە تەندروستیدا کە لەناو کۆمەڵگای خۆماندا باون. بە هیوای کاتێکی خۆشی لەگەڵدا ببەنە سەر!



بیرکردنەوەی هەڵە: ئەگەر دەمت تاڵ بوو، بێهێز بوویت گرانەتاتە
راستى: مەرج نییە گرانەتا دەم تاڵ بکات.

بیرکردنەوەی هەڵە: ئەگەر رەنگت جوان نەبوو، واتە کەمخوێنى.
راستى: کەمخوێنی، رەنگت سپی دەکات، نەک رەنگت جوان نەبێت.

بیرکردنەوەی هەڵە: ملم دێشێ و هەناسەم توندە، بزانە غوددەم نییە.
راستى: غوددە زۆر بە دەگمەن ملئێشە دروست دەکات و هەناسەت توند دەکات

بیرکردنەوەى هەڵە: لاوازم و قەڵەو نابم، لەوە دەچێت کرمم هەبێت
راستى: 30 ساڵ زیاترە بە دەگمەن کرم ماوە لە کوردستان تووشی نەخۆشیمان بکات

بیرکردنەوەى هەڵە: ئەگەر رەبۆت هەبوو، پەمپ بەکارمەهێنە دوایی ناتوانى وازی لێ بهێنى.
راستى: ئەوەی رەبووی هەبێت دەبێت بە پەمپەکان فێر بێت، پەمپەکان 10 ئەوەندە سوودیان زیاترە لە دەرمانەکانی دیکەی رەبوو.

بیرکردنەوەى هەڵە: با ماوەیەک خۆم لە دەرمانەکانی فشارى خوێن بدزمەوە، بزانم چۆن دەبم.
راستى: حیکمەتی دەرمانی فشاری خوێن لە خواردنێتی بە بەردەوامی، نەک بە پچڕ پچڕی

بیرکردنەوەى هەڵە: دەرزی بۆ شەکرەکەم ناکەم، دوایی فێر دەبم.
راستى: باشترین دەرمانی شەکرە، دەرزییەکەیە.

بیرکردنەوەى هەڵە: هەڵامەتمە، کەپسولێکی ئەمۆکسیلم بۆ بنووسە.
راستى: ئەمۆکسیل دژە بەکتریایە و بۆ هەڵامەت نابێت، ئەگەر بیخۆیت تەنیا زەرەر لە خۆت دەدەیت.

بیرکردنەوەى هەڵە: تەمەنی 45 ساڵە و 25  ساڵە جگەرە دەکێشێت و جەڵتە لێی دەدات، دەڵێن توخوا لە خەفەتی ئەو زرووفە وای لێهات.
راستى: خەفەت هیچ نەخۆشییەکی جەستەیی دروست ناکات، بەڵاکە لە جگەرەکەیە

بیرکردنەوەى هەڵە: منداڵەکەت جوان بپێچەرەوە، با لە سەرمادا تووشی نەخۆشی نەبێت.
راستى: سەرما تووشی هیچ نەخۆشییەکمان ناکات، ئەوەندە جل لەبەر منداڵەکەت بکە کە ناڕەحەت نەبێت بە سەرماکە.


بیرکردنەوەى هەڵە:پشکنینی خوێنم کرد گوتیان گرانەتاتە
راستى: پشکنینی خوێن بۆ گرانەتا بیست ساڵە باوەڕی پێ ناکرێت، هەرگیز مەیکە.

بیرکردنەوەى هەڵە: سەرم دێشێ و گێژ دەخۆم، تکایە زەختێکم بگرە.
راستى: زەخت بە دەگمەن سەرئێشەی توند دروست دەکات، هەرگیز داوای زەختگرتن لە پزیشک مەکە!


* پسپۆڕی هەناوی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەناوی سلێمانی