گرفتە هەنوکەییەکانی تەندروستی گشتی لە جیهان
د.خاڵس قادر ئەحمەد
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی
سەرەرای مەترسییەکانی ژینگە و بەردەوامی نەخۆشییە گوازراوە ترسناکەکانی وەک ئەیدز، مەلاریا و نەخوشی سیل؛ لەگەڵ نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک دڵ، مێشک، هەناسە و شێرپەنجە لە جیهان کە ساڵانە ملیونان قوربانییان لێدەکەوێتەوە، گرفتی هەنووکەیی دیکەش هەن کە وەک پێویست سەرنجیان ناخرێتەسەر.
لە نموونە ئەو گرفتە هەنووکەییانەی کە هەڕەشەن لەبەردەم تەندروستی گشتی لە هەموو وڵاتانی جیهان؛ زیادبوونی تێکڕای تەمەن و بەرزبوونەوەی رێژەی بەساڵاچووان لە کۆمەڵگەدا؛ بۆ نموونە لە وڵاتانی ئەوروپا سەروو 81 ساڵە و لە ژاپۆن 83 ساڵە، بەمەش لەگەڵ بەتەمەنبوونی کۆمەڵ پێویستییە تەندروستییەکان زیاتر دەبن و ژمارەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان کە تێچووی یەکجار زوریان هەیە لەسەر کەرتی تەندروستی روو لە هەڵکشانی بەردەوامن، ئەمە لەکاتێکدا کە رێژەی پێویستی تەندروستی لە هەموو وڵاتانی جیهان زۆر زیاتر و خێراترە لە گەشەی ئابوری وڵاتان (GDP) .
هەروەها زیادبوونی رێژەی زۆربوونی دانیشتوان، گرفتێکی دیکەیە بۆ کەرتی تەندروستی لە هەندێک وڵاتانی جیهان کە رێژەی زیادبوونیان زیاترە لە پێوانەی جیهانی زیادبوونی دانیشتوان کە لە ساڵی ۲۰۱٦ دا گەیشتە ( ۱.۱۱ )، لە و وڵاتانەی رێژەکە زیاترە پێویستی و تێچووەکانی کەرتی تەندروستی زیاتر دەکات و دواجار کاردەکاتە کەمی توانای وڵات لە دابینیکردنی پێویستیەکان .
هەروها گرفتێکی تر بریتییە لە کەمی توانا مرۆییەکان و کەمی کەسانی شارەزا و لێهاتوو کە هۆکارن بۆ زیادبوونی تێچووی کەرتی تەندروستی، لە پاڵ زیاتربوونی پشیبینی و چاوەڕوانی هاووڵاتییان بۆ بەردەستبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی کواڵیتی باشتر و پێشکەوتووتر .