نەخۆشییەکانی سەیرانکردن
زۆر لێکۆڵینەوەی پزیشکی باسی سوودەکانی سەیرانکردنیان کردووە، هەر لە سوودی جەستەیی بۆ لەشساغەکان و سوودی جەستەیی و دەروونی بۆ نەخۆشەکان، تەنانەت هەندێکجار بەکارهێنانی وەکو چارەسەر بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان! لەناو کۆمەڵگای کوردستانیدا سەیرانکردن تەقلیدێکی باوە بە تایبەتی لەگەڵ هاتنی بەهار.
لەگەڵ ئەوەش جاری وا هەیە ئەم بۆنە خۆشە دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی نەخۆشییەکان، یان نەخۆشکەوتنی راستەوخۆی لەشساغەکان. ساڵانەش حاڵەتی مردن روودەدات بەهۆی سەیرانکردنەوە. هۆکاری ئەمانە چین؟
دەبێت سەرەتا باسی نەریتی سەیرانکردنی تەندروست بکەین، کوردەواری خۆمان لە کۆندا زۆر بە باشی ئەوەیان زانیوە کە سەیرانکردن واتە پشوودانی جەستەیی و رۆحی نەک خستنەوەی ئاڵۆزی. هەر بۆیە لە دەشت و شاخ ئاگاداری تایبەتمەندیی کەسانی دیکە بوون و زۆرینەی خەڵک بە خۆشییەوە باسی سەیرانکردنی جاران دەکەن، بەڵام ئێستا هەندێک شتی نەگونجاو روودەدات کە سوودە دەروونییەکانی سەیرانکردن ناهێڵێت، وەکو زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل کە دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا، دروستکردنی ژاوەژاو بەهۆى بەرزکردنەوەى دەنگى گۆرانى و دەهۆڵکوتان و زوڕنالێدان. لە کاتێکدا خەڵکی دیکە چەند مەترێک لێتەوە دوورن و ناڕەحەت دەبن. ئەمانە هۆکاری گشتین بۆ تێکدانی سەیرانکردن. زۆر نەخۆشیش هەن کە راستەوخۆ بە سەیرانکردن دروست دەبن، هەرە باوەکانیان ئەمانەن:
1- رووداوی هاتوچۆ: پاپەند نەبوون بەڕێنماییەکانی هاتوچۆ، لێخوڕین لە کاتی خواردنەوەی کحول، لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکى ناڕێک. زۆرجار رووداوى ناخۆشى لێدەکەوێتەوە و کەسەکە دەخاتە سەر جێگە و تەنانەت هەندێکجار دەبێتە هۆى کەمئەندامبوون و مردنیش.
2- ژەهراویبوون بە کحول: تێپەڕاندنی رێژەی خواردنەوە، خواردنەوەی کحول لە کاتی نەگونجاودا دەبنە هۆی ژەهراویبوون کە شەڕ یان رشانەوە و تێکچوونی گەدە یان بوورانەوەی لێدەکەوێتەوە.
3- لاسەرئێشە: تێکدەرەکەی سەیرانی ژنان شەقیقەیە. لەبەر ئەوەی ئەم نەخۆشییە بە تێکچوونی خەو و سەفەرکردن و سەرمابوون دەورووژێت، بۆیە زۆر باوە سەرئێشەکە هەموو شتێکت لێ تێکبدات.
4- ئاڵۆش: ئەوانەی ئاڵۆشی پێستیان هەیە، یان رەبوو یان ئاڵۆشی لووت، دەشتودەر دژوارە بۆیان، هەر بۆیە ئەگەری زۆرە تەندروستییان تێکبچێت.
5- پێوەدانی مار و مێروو: یەکێکە لە شتە باوەکانی دەشتودەر.
6- کۆڵۆن: لەبەر ئەوەی کۆڵۆن بە تێکچوونی کاتەکانی نانخواردن و زۆرخۆری و چەورخۆری خراپ دەبێت.
7- ژەهراویبوون بە خۆراک: زۆر باوە کە دەبێتە هۆی سکچوون و رشانەوە.
9- پەتا: پەتا ڤایرۆسییەکان بە تێکەڵبوونی خەڵک و بەرکەوتن زۆر دەبن.
10 - تێکچوونی شەکرە و پەستانی خوێن: ئەم نەخۆشییانە دەبێت هەمیشە وردبیت لە کاتی دەرمانخواردن و هەڵسوکەوتدا. بۆیە رەنگە کارەسات رووبدات ئەگەر دەرمانى ئەو نەخۆشییانەت بیربچێت.
11- دڵەڕاوکێ و خەمۆکی: سەیرانکردن خۆی بۆ ئاسوودەیی دەروونییە، بەڵام ئەگەر بە وریایى مامەڵە لەگەڵ دەوروبەرەکەت نەکەى، رەنگە کۆتاییەکى خەمهێنەرى هەبێ.
12 - سەرگێژخواردن: هەوکردنی گوێی ناوەڕاست و بەرزی و نزمیی زەوی.
چۆن سەیرانێکى بێ گرفت بکەین؟
1- هەمیشە لەبیرت بێ، تۆ بە تەنیا لە دەرەوە نیت و ئەو دەشتودەرە بە تەنیا موڵکى تۆ نییە. خەڵکانی دیکەش وەکو تۆ هاتوون دڵیان خۆش بکەن.
2- تێکەڵبوونی خەڵکی مانای ئەوە نییە سنوورە رەوشتییەکان ببەزێنی.
3- راستە دەچیت بۆ ژینگەیەکى جیاواز لە ژینگەى ماڵەکەت، بەڵام تۆ هەر خۆتیت، ئەگەر شەکرەت هەبوو یان پەستانى خوێنت هەبوو دەرمانەکانت بیر نەچێ.
4- خواردنەوەى کحول رێسا و یاساى خۆى هەیە و لەخۆتەوە بەکاریان مەهێنە (بە بڕوای من هەرگیز مەخۆنەوە).
5- دووربکەوە لەو شتانەی کە ئاڵۆشیت هەیە پێیان، وەکو سەرمابوونی زۆر، پوش و پەڕ و تەپوتۆز، ئەو خواردنانەى کە پزیشک لێى قەدەغە کردووى.
6- خواردنەکانت بە شێوەیەکى دروست و لە قاپ و مەنجەڵى گونجاودا هەڵبگرە، بۆ ئەوەى ژەهراوى نەبن و سەیرانەکەت لێ تاڵ نەکەن.
7- لە کۆتاییدا بەزەییەکت بە پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکانى فریاکەوتندا بێتەوە. بە شەڕ و سەرخۆشبوون بەسەریان مەکەوە، ئەوەت لەبیربێت کە لەوکاتەی تۆ لە گەشت و رابواردنى خۆتى، ئەوان ئێشکگرن بۆ ئەوەى گیانى تۆ و ئەوانى دیکە لە مەرگ رزگار بکەن.
* دکتۆرا لە نەخۆشییەکانى هەناو