زانست چی دەڵێ لەسەر جنێودان؟


د.زاهیر سووران
پزیشکی گشتی
 
جنێو، دەربڕینی هەستی تووڕەیی ناخی مرۆڤە، لە کوردەواریدا ئەو کەسەی جنێو زۆر دەدات، پێیدەڵێن "جنێوفرۆش" یان "دەمپیس".  


خەڵک بەگشتی سێ جۆرن :یەکەم ئەوانەن کە جنێو نادەن، دووەم ئەوانەی بە ‌دەگمەن جنێو دەدەن و سێیەمیش هەمیشە جنێو دەدات .
 
توێژەرانی سویدی لە زانکۆی یۆتۆبۆری سەرنجی ئەوەیان داوە کە جنێوی 50 ساڵ بەر لە ئێستا زۆر جیاواز بووە، جنێوەکانى ئەوکات وەکو ئێستا توند و رەق و نەشیاو و بێزارکەر نەبوون.  

ئەوانەى زۆر جنێو دەدەن، دەڵێن راهاتوون یان خوویان پێوە گرتووە و ناتوانن واز بهێنن. بڵاوترین جۆرەکانی جنێو بریتین لە جنێوێک کە ئەندامی زاوزێی نێرینە و مێیینەی تێدا بەکاردێ، دەگوترێ لە ئەوروپا پۆڵۆنییەکان جنێوفرۆشترین نەتەوەن. جنێوى سوێدیش زۆر نەرمترە لە جنێوی گەلانى دیکە. 

دەروونناسی ئینگلیزی (ریچارد ستیڤن) دەڵێت: "کاتێک چەکوشێک دەکێشی بە پەنجەیەکتدا، بەرتەکی ئازارەکە بە هاوار و جنێودان کەم دەکەیتەوە. 

جنێودەر،  زۆرجار ماوەی جنێودانەکەی کورتە، ئەگەر نەنووسرێت، تۆمار نەکرێت بە دەنگ و رەنگ ئەوا کاریگەریی کەمترە . 

لەبەر ئەوەی لەباری یەکەمدا (تۆمارنەکراو) ژمارەیەکی کەم گوێیان لە جنێوەکانە و کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر بەرامبەر کەمتر دەبێ، جاری واش هەیە ئەو کەسەى جنێوپێدراوە، کاردانەوەى دەبێ و شەڕ و دەمەقاڵێ و تەنانەت رووداوی نەخوازراوی لێدەوەشێتەوە کە هەمیشە بە زیانی هەردوولا تەواو دەبێ. 

لەباری دووەمدا (تۆمارکراو) ژمارەیەکی زۆر خوێنەر، بینەر و بیسەری دەبێت و لەو بارەشدا هەرگیز ئەنجامی باشی نابێت، لەبەر ئەوەی دەکەوێتە قاڵبی ناوزڕاندنەوە.
 
کاریگەریی پۆزەتیڤی جنێو، وەک هەستکردن بە هێز و بڕیاردانی پەلە . 

کاریگەریی نێگەتیڤی جنێو بریتییە لە لەدەستدانى کۆنترۆڵ، بریندارکردنی بەرامبەر. 

کاریگەریی سوعبەت: بونیاتنەر، دڵخۆشکەر و خەمڕەوێن. 

لە مانگی ئادارى 2015 دا لە شاری ئۆپسالای سوید پسپۆڕانی زمان و جنێو کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژییان بەست لەمەڕ جنێو. ئەوان کۆکبوون لەسەر ئەوەی جنێو جۆرێکە لە قسە دەربڕین و هەندێکجار دەگاتە بریندارکردنی هەستی کەسانی بەرانبەر، بۆیە پێویستە باوانەکان منداڵەکانیان لە ژینگەیەکى بێ جنێودا پەروەردە بکەن و لە گەورەکانیان جیابکەنەوە. 

هەندێکجار مرۆڤ بەهۆی ژێردەستەیی و بێدەسەڵاتی و نالەباریی باری ئابووری و سیاسی، پەنا بۆ جنێو دەبات وەک شێوازێک لە شێوازە خێراکانی دەربڕین و بەتاڵکردنەوەی دەروونی . 

هەموو دایک و باوکێک هیوادار و خوازیارن‌ منداڵەکەیان  فێری وشەی پاراو، رێز، رەوشتی بەرز و جوان ببێت و بە زمانی زبر نەئاخڤێت و فێری جنێودان نەبێت، بەکوردی دەڵێن تف نەکرێتە دەمییەوە بۆ ئەوەی دەم و زمانی پاک بێت و لە جنێودان بەدوور بێت. بۆ نموونە کاتێک منداڵێک دەگری و داوای شتێک دەکات، باشتر وایە بزانین بۆچی دەگری نەک بە نەڕەنەڕ و لێدان و جنێودان بێدەنگی بکەین. هەندێک کەس جنێو دەدەن، بەڵام بە ڕوخساری پێکەنیناوی و شیرینەوە وشەکان دەردەبڕن و کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر بەردەنگ دروست ناکات. بەپێی توێژەران لاوان لە هەموو کەس زۆرتر جنێو دەدەن. بە داخەوە لە زۆربەى زمانەکاندا جنێو ئاراستەی خوشک و دایک دەکرێ . 

ئەنجامی توێژینەوەکانی سوێد دەریانخستووە ئەوانەی زۆر جنێو دەدەن لە رەگەزی نێرن، ژنان کەمتر جنێو دەدەن، بەڵام ئەگەر تووڕە بکرێن، کوردەوارى گوتەنى دۆ و دۆشاو تێکەڵ دەکەن. 
 
جنێو ئازار‌شکێنە 


بەپێى چەند توێژینەوەیەک، جنێو "ئازارشکێنە" نائارامیی دەروونی کەم دەکاتەوە وا لە مرۆڤ دەکات باشتر بیر بکاتەوە،  توێژینەوەیەکی ئەمریکایی کە لە ساڵی 2009دا کراوە، دەڵێت: "جنێو بۆ هەندێک مرۆڤ جۆرێکە لە ئازارشکێن، لە کاتی جنێوداندا ژمارەی لێدانی دڵ زێد دەکات، رێژەیەکی باش لە ئۆکسجین دەچێتە نێو سییەکانەوە" . 

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لایەنى نێگەتیڤى جنێودان زۆرن، رەنگە کێشەى کۆمەڵایەتى گەورەى لێ بکەوێتەوە. بۆیە بازرگانێکى گەورەى ئەمریکیى وەکو Jim O´conor  سەنتەرێکى بەناوی (The Cuss Control Academy) دامەزراندووە و هەوڵ دەدات هاریکاریی جنێوفرۆشەکان بکات بۆ ئەوەى واز لە جنێودان بهێنن.