لەبارەی دڕکە و مێکوتە لە منداڵدا
هەوکردنی یەکەمی پێست بە ڤایرۆسی ڤاریسێلا-زۆستەر پێیدەگوترێت دڕکە و مێکوتە، بەڵام دوای نەمانی نەخۆشییەکە، ڤایرۆسەکە لە گرێ دەمارییەکاندا دەمێنێتەوە. ئەگەر هەوکردنی دووەمی ئەم ڤایرۆسە رووبدات پێیدەگوترێت پشتێنەی ئاگرین (zoster) .
منداڵان زۆرتر لە تەمەنى 5 – 10 ساڵى تووشى نەخۆشییەکە دەبن، دەگونجێ لە هەر تەمەنێکدا رووبدات، تەنانەت لە منداڵى تازە لە دایکبووشدا. بە زۆری لە وەرزی زستان و بەهاردا روودەدات.
چەند رێگایەک هەیە بۆ گواستنەوەى نەخۆشییەکە، لەوانەش بەرکەوتنى راستەوخۆى پێستى نەخۆشەکە. پرژەى دەم و لووت و هەروەها هەناسە.
ئەو نەخۆشییە هەروەها بە (ئاوڵەی مریشک- chickenpox )یش دەناسرێ، چونکە برینەکان وەکو شوێن دەنووکی مریشک دەردەکەون کە لە خۆراکی دەدات!
نیشانەکانى:
- نیشانەی سەرەتا: تا، بێهێزی، کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن.
- شێوەی برینەکان: سەرەتا برینی سوور (کەمێک بەرزبووەتەوە) دواتر بڵقی بچووک کە ئاوێکی روونی تێدایە (وەک دڵۆپە ئاو)، دواتر ئاوەکەی ناوی لێڵ دەبێت، پاشان بڵقەکە دەتەقێت و رەق دەبێت. دواجار چاکبوونەوەی پێستەکە.. بە گشتی لەیەک کاتدا هەموو جۆرە برینەکان دەبینرێت (سوور، بڵقی روون، بڵقی لێڵ، ڕەقبوو).
- شوێنی برینەکان: سەرەتا لە سک و پشتدا دەردەکەوێت، دواتر پێستی سەر، دەموچاو، زۆر بەکەمی لە دەست و قاچ دەدات.
- خورانی برینەکان..
- هەڵاوسانی لیمفەگرێکان..
- هەوکردنی بەکتریایی پێست (ئاگرە، هەوکردنی شانەکانی ژێر پێست).
دڕکەومێکوتە لەو منداڵانەی بەرگرییان کەمە:
- نیشانەکانی پێشوو (بەڵام توندتر).
- بڵاوبوونەوەی بە خوێندا و هەوکردنی زۆربەى ئەندامەکانی لەش (سی، گوێ، دڵ، جگەر، پەردەکانی گورچیلە).
- هەوکردنی کۆئەندامی دەمار (هەوکردنی مێشک، کۆنیشانەی رەی، کۆنیشانەی گلەین-بەرێ).
- خوێنبەربوون: کەمی پەڕەکەکانی خوێن و پەڵەپەڵەبوونی پێست..
کێن ئەوانەی بەرگرییان کەمە؟
ئەوانەی هەندێک دەرمان بەکاردێنن بۆ نموونە پریدنیسۆڵۆن، یان هەندێ نەخۆشییان هەیە بۆ نموونە شێرپەنجەی خوێن)، یان ئەوانەی نەخۆشی بەرگرییان هەیە بۆ نموونە نەخۆشیی کەمیی دژەتەنەکان و...هتد.
دڕکە و مێکوتە لە منداڵی تازەبوودا:
- ئەگەر زیاد لە (پێنج رۆژ) بەر لە منداڵبوون دایک تووش ببێت، منداڵەکەش تووش دەبێ، بەڵام بەرگریی دژی ڤایرۆسەکەی وەرگرتووە لە دایکەوە.
- ئەگەر کەمتر لە (پێنج رۆژ) پێش منداڵبوون یان زیاتر لە (دوو رۆژ) دوای منداڵبوون دایک تووش ببێت، ئەوا منداڵەکە تووش دەبێت، بەبێ ئەوەی بەرگری لە دایکەوە وەربگرێت..
چارەسەر:
1- ئەو منداڵانەی بەرگرییان ئاساییە:
- نەخۆشییەکی بێ کێشەیە و خۆیان چاک دەبنەوە، چارەسەر تەنیا بۆ ناڕەحەتیەکانی دەکرێت..
- دژەتا: پاراسیتامۆڵ -پرۆفین.
- دژە خوروو: ئەلەرمین، گیراوەی کەڵەماین.
- خۆشووشتن بە ئاوی سارد.
- کورتکردنەوەی نینۆک، دەستکێش بکرێتە دەستی منداڵ بۆ ئەوەی برینەکانی هەڵنەکەنێت..
2- ئەو منداڵانەی بەرگرییان کەمە یان منداڵی تازەبوو:
- پێویستە بمێننەوە لە نەخۆشخانە و دژەڤایرۆس وەربگرن (ئەسایکلۆڤیر).
- وەرگرتنی بەرگریی دروستکراو (VZIG).
خۆپاراستن:
- پێویستە منداڵ نەبرێتەوە خوێندنگا تاوەکو هەموو برینەکان رەق دەبن (حەوت رۆژ)، برینەکان هەڵنەکەنرێ.
- کوتان: هەموو منداڵێک پێویستە دووجار بکوترێت: یەکەم 12- 15 مانگی.. دووەم 4-6 ساڵی (لە خشتەی کوتانی کوردستاندا نییە).