ماستەرنامەیەك لەسەر كوردانی سوودان

رووداو – سوودان

خوێندكارێكی كورد لە وڵاتی  سو‌ودان، ماستەرنامەی بە پلەی نایاب لەسەر بوونی كورد لەو وڵاتە بەدەست هێنا، لەكاتێكدا جوگرافیای سو‌ودان بە هەزاران كیلۆمەتر لە كوردستانەوە دوورە.

زانكۆی نیلینی وڵاتی سو‌ودان رۆژێكی سەیری بەخۆوە بینی، كاتێك خوێندكارێك لە هەرێمی كوردستانەوە بە ناوی (جەوهەر جەلال وسو) گفتوگۆی ماستەرنامەكەی لەبەرچاوی دەیان بینەرو سێ پرۆفیسۆردا كرد لەسەر كوردەكانی سو‌ودان كە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی.

جەوهەر سەبارەت بە ماستەرەكەی دەڵێت "ئەوە خەونی من بوو كە لەسەر ئەو كوردانە توێژینەوە بكەم، كە كەم كەس دەزانن لە وڵاتێكی وەكو سو‌ودان كورد هەبن، توێژینەوەكەشم پلەی نایابی وەرگرت".