راستكردنەوەی ددان چییە؟

د.رێبین عەلی محەممەدئەمین*

لە كوردستان كاتێك باس لە زانستی راستكردنەوەی ددان دەكرێت، وا تێدەگەین مەبەست تەنیا راستكردنەوەی ددانەكانە، بەڵام لەڕاستیدا مانایەكی فراوانتری هەیە، زانستی راستكردنەوەی ددان كە بە ئینگلیزی پێیدەگوترێ orthodontics  بەشێكە لە زانستەكانی پزیشكیی دەم و ددان كە ئامانج لێی رێكخستنی هاوسەنگیی نێوان تەواوی بەشەكانی دەم و چاوە (بە ددانەكانیشەوە). ئاشكرایە ناڕێكیی نێوان ماسولكە، ددان و ئێسكەكانی دەموچاو كاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر جوانی، هەناسەدان، خواردن، قسەكردن. ناڕێكیی ددانەكان، هۆكارێكی گرنگە بۆ كلۆربوونی ددان و هەوكردنی پووك، هەروەها لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە زۆرجار وا دەكات گۆشەگیر بیت، چونكە خاوەن زەردەخەنەیەكی جوان نیت.

لە دەم و دداندا دوو جۆر ناڕێكی هەیە: یەكەم: گرفتی ناڕێكیی ددانەكان كە دەكرێ لە هەر تەمەنێكدا رێكبخرێتەوە. دووەم: گرفتی ناڕێكیی شەویلگەكان كە زۆر ئاڵۆزترە و وا باشترە لە تەمەنی منداڵیدا چارەسەر بكرێ. دواخستنی ئەم گرفتە، ناڕێكییەكە زۆرتر دەكات. لە تەمەنی  گەورەییدا، هەندێكجار جگە لە راستكردنەوەی بە شێوازی تەلی جێگیر، پێویست بە نەشتەرگەریش دەبێ.

باشترین كات بۆ راستكردنەوەی ددانەكان:

لە كاتی گەشەكردندا، دەكرێ سوود لە  گۆڕینی شێوازی گەشەكردن وەربگیرێت بۆ رێكخستنەوەی ناڕێكیی دەم و چاو و ددانەكان. بۆیە تەمەنی منداڵی زۆر گونجاوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی راستكردنەوە و پێویستی بە كاتی كەمتریشە. باشترین كات بۆ پرۆسەی راستكردنەوە، ئەو كاتەیە كە ددانی هەمیشەیی پێشەوە دەربكەون. لە زۆر حاڵەتدا منداڵ شەویلاگێكی لە پێش یان لە دوای شەویلاگەكەی دیكەیە. ئەم حاڵەتانە دەبێ گرنگییان پێبدرێت و زوو رێكبخرێنەوە. باشترین تەمەن بۆ رێكخستنەوەی پێش و پاشی شەویلاگەكان تەمەنی 10 -12 ساڵییە، بۆیە زۆر گرنگە لەو تەمەنە و زووتریش، باوك و دایك منداڵەكەیان ببەنە لای پزیشكی ددان بۆ پشكنین، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەم حاڵەتە زوو چاك نەكرێتەوە، خراپتر دەبێ و لە تەمەنی گەورەتردا لەوانەیە جگە لە راستكردنەوەی ددانەكان، پێویستی بە نەشتەرگەریش ببێت.

پێشگرتن لە ناڕێكیی ددان:

1- گرنگیدان بە ددانی شیری: بێ ئاگایی لە ددانەكانی شیری، دەبێتە هۆی كلۆربوون و دەبێ زووتر لە كاتی خۆی بكێشرێ، ئەمەش كاریگەریی خراپی هەیە لەسەر چۆنیەتی دەركەوتنی ددانی هەمیشەیی كە زۆربەی كاتەكان بە خواری دەردەكەون.
2- سەردانی پزیشكی تایبەتمەندی راستكردنەوەی ددان لە كاتی خۆی: وا باشترە لە كاتی دەركەوتنی یەكەم ددانی هەمیشەیی و بەشێوەیەكی بەردەوام سەردانی پزیشك بكرێ، بۆ ئەوەی ئەگەر گرفتێكت هەبوو بە زووترین كات چارەسەر بكرێت.
3- پێشگرتن لە خووی هەڵە لەلایەن منداڵەوە: وەكو مژینی پەنجە و لێو، جوینی نینۆك، بردنە پێشەوەی زمان كە پاڵەپەستۆ لەسەر ددانەكانی پێشەوە دروست دەكات.


*پزیشكی پسپۆڕی راستكردنەوەی ددان