بۆ ئەوانەی كێشەی قۆڵۆنیان هەیە
د.زانا ئهحمهد*
كۆنیشانەی قۆڵۆنی شڵەژاو، یان وەك ئەوەی لەناو خەڵكیدا پێیدەگوترێ (قۆڵۆن) نەخۆشییەكی زۆر بەربڵاوە و ئەوەندە نەخۆشەكان ناڕەحەت دەكات، كار دەكاتە سەر راپەڕاندنی كاروباری رۆژانەشیان. باشترین چارەسەری ئەم نەخۆشییە بریتییە لە خۆپارێزی كە ئەمەش لەڕێی خواردنی تەندروستەوە دەبێت. تووشبووانی ئەو نەخۆشییە دەپرسن "باشە چی بخۆین و چی نەخۆین؟". ئێمەش بەم جۆرە وەڵامیان دەدەینەوە:
- ئاو: تا پێتان دەكرێ ئاو زۆر بخۆنەوە، بە جۆرێك رۆژانە كەمتر نەبێ لە هەشت پەرداخ.
- ژەمەكان: هەر سێ ژەمە سەرەكییەكە بخۆن. وا باشە ئەو ژەمانە لە هەمان كاتی هەموو رۆژێكدا بخۆن. ئینجا دەبێ خواردنیش زۆر بە لەسەرخۆیی بخورێت.
یاپراخ، خۆراكی لە قوتوونراو و گەرمكراوە لە پەرەپێدەرانی نەخۆشییەكەن، خۆتانیان لێ بەدوور بگرن. خۆراكی چەوریش لە هەندێك نەخۆشدا نیشانەكان زیاد دەكات.
چا و قاوە: رۆڵێكی زۆریان هەیە لە دروستبوونی نیشانەكانی نەخۆشییەكەدا، بۆیە نابێ رۆژانە سێ كوپ زیاتریان لێ بخۆنەوە. خۆ ئەگەر بتوانن بەتەواوی دەستبەرداریان بن و بیانگۆڕن بە چای گیایی زۆر باشە. ئەو چایانە رۆڵێكی بەرچاویان هەیە لە نەهێشتنی قۆڵۆندا، بەتایبەت چای رازیانە و پونگە (نەعناع).
- دانەوێڵەكان: گەنم و جۆ و لەمانەوە نان و سەموون لە گرینگترین هۆكانی پەرەسەندنی نەخۆشییەكەن، بەتایبەت ئەگەر كەپەكیان لێ نەكرابێتەوە (نانی بۆر)، بۆیە مەیانخۆن. ئەگەر هەر دەیخۆن، هی سپی بخۆن، بەڵام خواردنی گەنمە شامی و برنج ئاساییە.
- سەوزە و میوە: زۆرجار چارە نەبوونی نەخۆشییەكە بەهۆی سەوزە و میوە خواردنەوەیە. چونكە ئەمانە ئەوەندە بە خواردنی تەندروست دادەنرێن، كەم كەس قەناعەت دێنێ بەوەی ئازارەكانی سكی بەهۆی خواردنی ئەوانەوە بێت! وەلێ هەمووشیان وا نین: لە كاتێكدا (نیسك، فاسۆلیا، قەڕنابیت، سیر، پیاز، قارچك، كەلەرم، سێو، شووتی، گێلاس، هەرمێ) نابێ بخورێن، ئەوانی دیكە بەتایبەت (گێزەر، خەیار، پەتاتە، تەماتە، باینجان، سپێناخ، كەرەوز، كاهوو، مۆز، ترێ، كیوی، لیمۆ، لالەنگی، پرتەقاڵ، توو) دەتوانرێ بخورێن. خواردنی تەڕەپیاز (بەپێچەوانەی پیازەوە) شتێكی ئاساییە! ئینجا میوە بە وشككراوەیی مەخۆن و رۆژی سێ دانە میوەش زیاتر مەخۆن.
- مەی و خواردنەوە گازییەكان: رۆڵی بەرچاویان هەیە لە دروستكردنی نیشانەكان. لێیان بەدوور بن، لە ئازاری قۆڵۆن بەدوور دەبن.
- شەكرە دەستكردەكان: بەتایبەت لە بنێشت و خواردن و خواردنەوەكانی تایبەت بە خۆلاواز كردنەوە و شەكرەداران هەن، بۆیە نابێ ئەمانە بخورێن.
- چەرەز: فستق مەخۆن و بادەم بخۆن.
- هەنگوین، چلوورە، مۆتا، كێك، پسكیت، پاقڵاوە و شیرینی لەو خواردنانەن كە نابێ بخورێن.
- داو و دەرمان: بەتایبەت هەندێك دەنكی تایبەت بە هەوكردن و ئازارشكێنی، نیشانەكانی نەخۆشییەكە دەردەخەن، بۆیە نابێ تا زۆر پێویست نەبن بخورێن، بەڵام (پاراسیتۆل) ئەو كێشەیەی نییە.
- وەرزش: ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە زیادكردنی جووڵەی ریخۆڵەكان و كەمكردنەوەی گوشاری دەروونی كە هەردووكیان بەكارن لە نەهێشتنی نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە. بەڵام ئەو كەسانەی كە تووشی نەخۆشییەكە هاتوون و پێشتر زۆر چالاك نەبوون، دەبێ وردە وردە دەست بە وەرزش بكەن، نەك ئەوەی یەكسەر وەرزشی قورس بكەن.
بەڵام مەرج نییە هەموو نەخۆشەكان كێشەیان لەگەڵ یەكە بە یەكەی ئەو خواردنانەدا هەبێ، بەڵكو هەر یەكە و كێشەیان لەگەڵ چەند دانەیەكیاندا هەیە، دەبێ خۆیان لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا بۆ خۆیانی بدۆزنەوە كە ئەوە كامەیە ناڕەحەتیان دەكات.
* خوێندكاری بۆرد لە هەناو و شارەزا لە دروستیی خۆراك