رێگا دروستەکانی بەخێوکردنى سەگ



رووداو- پزیشكی تۆ

پروفیسۆرى یاریدەدەر د. عوسمان جمال نێروالله*

سەگ ئاژەڵێکە مێژویەکی زۆر کۆنى هەیە لەگەڵ مرۆڤ، سەگ لەسەرەتادا دڕندە بووە، دواتر مرۆڤ هەوڵی دا کە دەستەمۆى بکات و سەرکەوتوبوو.

هەندێکات ژیانی مرۆڤ بێ سەگ زۆر ئەستەمە وئیستا لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا سەگ بۆتە بەشێکى گرنگى ژیانى مرۆڤ.

مەبەستەکانی بەخێوکردنی سەگ
مەبەستی بەخێوکردنى سەگ جۆراوجۆرە، یەکەمجار بە مەبەستى پاسەوانى بووە و دواتر بۆ هاوڕێیەتى، ئێستا مەبەستى سەرەکى بەخێوکردنی سەگ بریتییە لە جوانی وهاوڕێیەتى، مەبەستیش لە بەستنی هاوڕێیەتى  لەگەڵ سەگ بریتیە لە بەکارهێنانی ئەو ئاژەڵە بۆ دوزینەوەی ماددە هۆشبەرەکان و چەک و تەقەمەنی، هەروەها هەندێجار بۆ ناسینەوەی تاوانباران بەکاردێت. 

رێنمایی بۆ ئەوانەی هاوڕێیەتی سەگ دەکەن
هەموو ئەوانەی هاوڕێیەتی سەگ دەکەن پێویستە کۆمەڵێک رێنمایی جێبەجێبکەن کە ئەمەش بۆ پاراستنیان لە چەندین نەخۆشی گرنگە، هەروەها بۆ ئەوەی بزانن چۆن خۆراکی بۆ دابین بکەن و جێگەیەکی تەندروستی بۆ سازبکەن. 

ئەو نیشانانەی پێویستە لەلایەن خاوەنی سەگ بناسرێنەوە:
پێویستە ئەوانەی سەگ بەخێودەکەن کۆمەڵێک نیشانەی تایبەت بناسنەوە و لەکاتی هەبوونیان سەردانی پزیشكی ڤێتێرنەری بکەن، ئەوە جگە لەوەی پێویستە سەگ خشتەی کوتانی بۆ رێكبخرێت و لەلایەن پزیشكی ڤێتێرنەری چاودێری بکرێ. 

1- دروستبوونی پەڵە و رووتانەوە لەسەر پێستی سەگ
2- بوونی مێروو لەسەر تووکی ئاژەڵەکە 
3- سکچوون و رشانەوەی بەردەوام 
4- ئەستووربوونی پێستی ژێر پێی سەگ 
5- دروستبوونی بلۆق لەناو دەمی سەگ

*زانکۆی سلیمانی کۆلیژی پزیشکی ڤیتیرنەری