دایک چۆن دەتوانێت شیری خۆی زیادبکات؟


رووداو-سلێمانی

هەنذیک لە خانمان بە بەهانەی ئەوە شیریان کەمە، شیری خۆیان نادەنە منداڵەکانیان و بە شیری قوتو گەورەیان دەکەن، لەکاتێکدا شیری دایک خۆراکە نموونەییەکەیە بۆ منداڵ. ئەگەر تۆ وا هەستدەکەی شیرت کەمە، بەرلەوەی شیری قوتو بدەیتە منداڵەکەت، ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە بۆ زیادکردنی شیرەکەت:

1-دایک دەبێ لەڕووی دەروونییەوە خۆی ئاسوودە بکات چونکە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبنەهۆی کەمکردنەوەی شیری دایک

2-دەبێ زوو زوو شیر بدەی بە منداڵەکە چونکە کاتێک منداڵ سنگی دایکی دەمژێت دەبێتەهۆی دەردانی دوو هۆڕمۆن، یەکێکیان دەبێتەهۆی زیادکردنی درووستکردنی شیر، ئەوەی دیکەیان دەبێتە هۆی زیاتر دەردانی شیر

3-دەبێ لەگەڵ هەر شیر پێدانێکدا منداڵەکە لەهەر دوولای سنگت شیر بخوات، ئەگەر هەستت کرد لەتوانای دایە تەنیا یەک لا بەتاڵ بکاتەوە و دواتر هیلاک دەبێ و ناتوانێت ئەوەی تریان بەتاڵ بکاتەوە، دەبێ هەرکە هەستت کرد شیر خواردنی هێواش بۆتەوە  بیبەیتە لاکەی دی.

4-دەتوانی ماساج بۆ سنگت بکەیت لەکاتی شیر پێدان بۆئەوەی شیرەکە بێتە دەرەوە و زۆرترین بڕی شیریش بێت.

5-دەبێ رێگەی شیر پێدانەکەت باش بێت.

6-نابێت مەمە ووشکە و شیری قوتوو بەکاربهێنیت .

7-زیادکردنی هەندێ جۆری خواردن لەلایەن دایکەکەوە شیری دایک زیاد ئەکات وەکوو (سپێناخ، برنج، گێزەر، ماسی سەلەموون، پرتەقاڵ)

8-دەبێ هەوڵ بدات بڕێکی باش شلەمەنی بخوات و ئاویش بخواتەوە بەڵام نابێ فشار لەخۆی بکات


ئامادەکردنی :

د.ئاکۆ کەریم جەلال زەنگەنە 
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان

د. پشدەر عەبدوڵڵا ئیسماعیل
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان