جله نوێیه‌كانت بشۆ به‌ر له‌وه‌ی بیانپۆشی
رووداو - تایم
پرۆفیسۆرێكی نه‌خۆشییه‌كانی پێست له كلینیكی كلێڤله‌ند هۆشداری ده‌دات له‌باره‌ی پۆشینی جلی نوێ به‌ر له‌وه‌ی بشۆرێن و ده‌ڵێت، ئه‌گه‌رى هه‌یه پێست تووشى چه‌ند نه‌خۆشییه‌كى مه‌ترسیدار بكه‌ن.
د.سوزان نێدێرۆست، پرۆفیسۆری نه‌خۆشییه‌كانی پێست له كیلینیكی كلێڤلاند له ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "زۆربه‌ی جار كاتێك ده‌چینه بازاڕ و جلی نوێ تاقیده‌كه‌ینه‌وه و ده‌یانكڕین، دواتر راسته‌وخۆ ده‌یانپۆشین به‌ر له‌وه‌ی بیانشۆین، به‌ڵام ئه‌م كاره زۆر مه‌ترسیداره و ئه‌گه‌ری تووشبوون به چه‌ندین نه‌خۆشیی پێست زیاد ده‌كات".
پرۆفیسۆره‌كه روونیده‌كاته‌وه زۆربه‌ی جله‌كان مادده‌ى وه‌ك پۆلی ئیسته‌ر و نایلۆنیان تێدایه، كاتێك ئه‌و جلانه ده‌پۆشرێن له‌كاتی ئاره‌قه‌كردندا ئه‌و پێكهاتانه دێنه ده‌ره‌وه و زیان به پێست ده‌گه‌یێنن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی دروستبوونی هه‌ستیاریی پێست.
د.سوزان ده‌شڵێت: "ئه‌م كاریگه‌رییه له هه‌موو كه‌سێكدا وه‌ك یه‌ك نییه، به‌شێكیان خۆیان حه‌ساسیه‌ى پێستیان هه‌یه و كاتێك جلی نوێ ده‌پۆشن، حاڵه‌ته‌كه‌یان توندتر ده‌بێت، به‌ڵام به‌شێكی دیكه‌ی خه‌ڵكی له‌وانه‌یه له ماوه‌یه‌كی دره‌نگتر تووشی ئه‌و جۆره‌ی هه‌ستیارییه‌ی پێست ببن".
پرۆفیسۆره‌كه‌ی پێست رێنمایی ده‌داته خه‌ڵكی كاتێك جلێكی نوێ ده‌كڕن، به‌ر له‌وه‌ی بیپۆشن ده‌بێت بیشۆن، چونكه به‌مه به‌شێكی ره‌نگ و پێكهاته زیانبه‌خشه‌كانی جله‌كه لاده‌چن و مه‌ترسیی تووشبوون به حه‌ساسیه‌ى پێست كه‌متر ده‌بێته‌وه.