تەمەن چۆن کار لە لایەنی سێکسی دەکات؟
د.زاهیر سوران
سێکس: بریتییە لەو هەست و سۆزە دەروونییە هەژێنەرە پێویستەی کە چێژێکی تایبەت دەدات بە دەروون و جەستەی دوو مرۆڤ. هەرچەندە سێکس لایەنی ئاسوودەیی جەستە و دەروونی بەسوودی هەیە، بەڵام لایەنە نەخوازراوە تراوماکانیشی بەردەوام دەبینرێت.
سێکس چەندین سوودى تەندروستى هەیە لەوانە:
- پەستانی خوێن کەم دەکاتەوە.
- هێمنکەرەوەیە
- مرۆڤ دەپارێزێ لە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن.
- بەرگریی لەش دەپارێزێت.
- مرۆڤ بەهێز و دڵخۆشتر دەکات.
- باوەڕبەخۆبوون زیاد دەکات.
- پێست و روخساری مرۆڤ گەشتر و جوانتر دەکات.
- جۆرێکە لە وەرزش بۆ جەستە و دەروون، هەروەها خەوت خۆش دەکات.
سێکس و جەستە
بەپێی توێژینەوەیەکی ئەمریکی، لە تەمەنی 25 ساڵیدا چالاکی سێکسیی مرۆڤ لە لوتکەدایە. ئەو توێژینەوەیە لەسەر 26 هەزار گەنج کراوە کە تەمەنیان 18 ساڵان بووە. بەپێی توێژینەوەیەکی دی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان 18 - 28 دایە باشترە ساڵانە 112 جار سێکس بکەن. ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 30 - 39 ساڵاندایە باشترە ساڵانە 89 جار سێکس بکەن. ئەوانەشی تەمەنیان لە نێوان 40 - 49 ساڵاندایە باشترە ساڵانە 68 جاران سێکس بکەن.
جەستەی مرۆڤ بەرتەکی جیاوازی سێکسی لە نێوان و نێر و مێدا هەیە. بەپێی شارەزایانی زایەندی: سێکس پەیوەندی بە تەمەنەوە هەیە، هەرچەندە تا مرۆڤ بچێتە تەمەنەوە، زەوقی سێکسی کەم دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر مرۆڤ لە تەمەنێکی زۆردا (پیری) بتوانێت سێکس بکات، زۆر باشە و سووى زۆرى بۆ تەندروستى هەیە.
کاتێک مرۆڤ دەچێتە تەمەنەوە، توانای سێکسکردنی بەرز دەبێتەوە (دەگمەن) یان نزم دەبێتەوە، بەڵام ئەم خاڵە لە هەموو کەسدا وەک یەک نییە. لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک فاکتەر کاریگەرییان لەسەر سێکس هەیە، وەک: سترێس، نائارامی، نەخۆشی، گیروگرفتی کۆمەڵایەتی و ئابووری.
زەوقی سێکسی زێدەتر پەیوەندی بە لایەنى کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە هەیە وەک لە جەستەیی، بە مەرجێک مرۆڤ نەخۆش نەبێت . لەبەر ئەوەیە هەندێک کەس بە هەڵە و بۆ بەهێزکردن و دامرکاندنەوەی ئارزووی سێکسی پەنا بۆ بەکارهێنانی دەرمان دەبەن، جاری واش هەیە نیشانەی لاوەکی دەرمانەکان مەترسیدارن و دەگاتە ئاستی مردن.
تەمەنداران سێکس بکەن یان نا؟
ئەو بۆچوونە هەڵەیە کە دەڵێ نابێت بەتەمەنەکان سێکس بکەن لەبەر ئەوەی لە سروشتیدا وا نییە، چونکە جەنجاڵیی ژیانی رۆژانەی مرۆڤ بەتایبەتی پیاو کاریگەری خۆی لەسەر سێکسکردن هەیە.
جاری وا هەیە پێش خێزان دروستکردن، پەیوەندی سێکسى خراپە، بەڵام هەندێ جاریش مرۆڤ خێزان و منداڵیشی هەیە، ئەوسا سێکس چالاکتر و کاریگەرتر دەبێت.
ئەوە راست نییە کە دەڵێن کاتێک مرۆڤ چووە تەمەنەوە، ئیتر توانای سێکسی نامێنێت. هەیە تەمەنی هەیە، بەڵام سێکسی زۆر چالاکە لەبەر ئەوەی ژیانێکی خۆش و رێکوپێک دەباتە سەر. باشتر وایە تەمەنداران تاوەکو توانایان هەبێ، سێکس بکەن.
ئافرەتان زەوقیان کەمترە لە پیاوان؟
زۆر جاران ئەوە راستە، بەڵام مەرج نییە بۆ هەموو ئافرەتێکی تەمەندار راست بێت. بەڵام پسپۆڕان دەڵێن بە گشتی ئافرەتان زەوقی سێکسییان کەمترە وەک لە پیاوان، نەخوازەڵڵا کاتێک دەچنە تەمەنەوە.
لەگەڵ دەرکەوتنی لێچوونەوە و نەمانی سووڕی مانگانەی ئافرەتان زەوقی سێکسی کەم دەبێتەوە یان نامێنێت. هەرچەندە لێچوونەوە یان نەمانی سووڕی مانگانە، هیچ پەیوەندی نییە بە سێکسی ئافرەتانەوە، بەڵام لەوانەیە کەمی بکاتەوە.
جگە لەوانەی باسمانکردن، دەبێت بەڕاشکاوانە باسی هۆکاری دیکەى نەمانی حەزی سێکس بکرێت، ئەویش بە هۆی خراپبوونی کاری پرۆستات یان بەهۆی نەخۆشیی شەکرەوە. پیاوە شەکرەدارەکان هەمیشە پێش ئەوەی دەستنیشانی نەخۆشییەکەیان بکەن، هەست بە بێهێزی و خراپبوونی باری سێکسیان دەکەن، بەڵام لە شەرمدا هەرگیز باسی ناکەن (هەمیشە بەزیانی خۆیان دەگەڕێتەوە) ئەوسا هێدی هێدی ژمارەی پەیوەندییە سێکسیەکانیان کەم دەبێتەوە هاوکات دەناڵێنن بە دەست رەقنەبوونی چووکەوە.
نابێت ئەو راستییەشمان لەبیر بچێت کە هەرچەندە سێکس فرە سوودی هەیە، بەڵام لەوانەیە هەر بەهۆی سێکسەوە نێر یان مێ تووشی کۆمەڵێک نەخۆشیی زایەندی ببن کە ناسراون بە نەخۆشییە درمە زایەندییەکان، مەترسیدارترینیشیان زەردوویی جۆری B و هەوکردن بە ڤایرۆسی HIV یە کە چارەسەرکردنیان فرە ئەستەمە.