سەردانی نەخۆش و زیادكردنی مەینەتی


كاتێك كەسێك نەخۆش دەكەوێت، كەسە نزیكەكانی و هاوڕێ و دراوسێكانی سەردانی دەكەن، ئەمەش یەكێكە لە نەریتە جوانەكانی میللەتی ئێمە و بگرە لە زۆربەی ئاینەكانیشدا پێویست كراوە كە سەردانی نەخۆش بكرێت. 

ئەو ساتەی كە نەخۆش دەكەوین، زۆربەمان خۆمان نین! زۆربەمان بیركردنەوە و تێڕوانینمان دەگۆڕێت بە تایبەت ئەگەر تووشی نەخۆشییەكی قورسی وەكو شەكرە ببین، یان نەخۆشییەك كە وامان لێبكات لە كاركردن دووربكەوینەوە و بمانخاتە نێو جێگە، ئەمەش وا دەكات باری دەروونیمان ئاڵۆز بێت، تەنانەت هەندێك كەس دەكەوێتە بازنەیەك لە نەمانی متمانە بە خۆی و بە چاكبوونەوە. ئەمانە هەمووی ئاسایین رووبدەن چونكە ئێمە مرۆڤین، سەردانی نەخۆشیش بۆ ئەوەیە نەخۆشەكە نەكەوێتە ئەو حاڵەتەوە. نەخۆش بە بینینی كەسە نزیكەكانی دڵخۆش دەبێت، تێدەگات كە بە تەنیا نییە لەو میحنەتەی تێیكەوتووە. بەڵام زۆركات لە كۆمەڵگای ئێمەدا لە دڵخۆشییەوە دەبێتە مەینەتی!

كەسێك كە نەخۆش دەكەوێت و لە ماڵەوە كەوتووە و خێزان یان كەسوكاری خزمەتی دەكەن، تاوەكو نەخۆشییەكە گرانتر بێت نەخۆشەكە و كەسوكاریشی دەروونیان ئاڵۆزتر دەبێت. بۆیە ئەو كەسەی كە سەردانی نەخۆشەكە دەكات دەبێ نزای چاكبوونەوەی بۆ بكات نەك بڵێت "بەخوا تازە پەكت كەوت". 

دەبێت دەستی هاوكاری بۆ نەخۆشەكە درێژ بكات و ئەگەر كارێكی هەیە و تەواوی نەكردووە بۆی راپەڕێنێ نەك بڵێت "كاكیشم ئەو دەردەی تۆی بوو بە رەحمەت بێت". دەبێ هانی بدات رێنمایی پزیشكەكە جێبەجێ بكات نەك بڵێت "هەمووی فشەیە سیر بخۆ بۆ شەكرە باشە". ئەمانە مشتێكن لە خەروارێك.

كەسێك تووشی ئەنفلۆنزا بووە و هەموو شتێكی بۆ كراوە و تەنیا سووڕی چاكبوونەوەكەی ماوە، مامی دێت كە 60 ساڵێكی نەخوێندەوارە و دەڵێت ئەوە گرانەتایە چۆن دكتۆرەكەت پشكنینی گرانەتای بۆ نەكردووی، ئیدی ئەمە بەسە بۆ ئەوەی نەخۆشەكە بكەوێتە دڵەڕاوكێ.

كەسێك تازە تووشی بەرزە پەستانی خوێن بووە و چارەسەری تەواوی پێدراوە و دڵنیاكراوەتەوە كە لەگەڵ خواردنی حەبەكان وەكو كەسێكی لەشساخ دەبێ، یەكێك پێی دەڵێت "حەب مەخۆ بەیانیان لیمۆیەك بخۆ بەسە". یەكێكی دیكە دەڵێت "ئەو حەبەی من بخۆ باشە بەخوا من ئەوەندە باشم پێی". یەكێكی دی دەڵێت "ئۆی دكتۆر فڵان بۆی نووسیت؟ با بتبەم بۆ لای دكتۆر فیسار ئەو باشە بۆ زەخت". یەكێكی دیكە پێیدەڵێت "وەڵلا من زەختم 20 بە 10 بوو، هەر گوێشم نەداوەتێ‌ (باسی ئازایەتی خۆی دەكات).

مەینەتی دیكە، ئەگەر نەخۆشییەكە تۆزێك ئاڵۆز بێت ئەوا هەموو كەسێك بە مافی خۆی دەزانێت قسەیەكی تێدا بكات: ئەگەر كەسێك رۆماتیزمەی گرتبێت كە 50 جۆری هەیە، یەكێك دەڵێت: ئەوە رۆماتیزم نییە، ئەوە حومای ماڵتایە. یەكێك دەڵێت: بۆ نایبەن بۆ ئێران؟ یەكێك دەڵێت: منیش رۆماتیزمەم بوو هیچ نییە فشەیە (خۆی سەوەفانی هەبووە نەك رۆماتیزمە، خۆی لە نەخۆشییەكەی خۆی تێنەگەیشتووە ئامۆژگاری ئەم دەكات).

 وەكو گوتم ئەمانە زۆرن و زۆربەمان وەكو پزیشك بینیومانە كە بەسەر نەخۆشەكانمان هاتوون. سەیر لەوەدایە هیچ كام لەوانەی سەرەوە پزیشك نین، یان كارمەندی تەندروستی نین كەچی زۆر بە ئاسانی قسە دەكەن لە نەخۆشیدا، ئەمە وەكو ئەوە وایە منی پزیشك رێنمایی بدەم لە وانە گوتنەوەدا یان لە دروستكردنی باڵەخانەدا و بڵێم بۆ ئاوها دروستت كرد.

لە كۆتاییدا داواكارم لە كاتی سەردانی نەخۆشدا هەوڵ بدەین دەم بە خەندە بین و تاوەكو دەتوانین خۆمان لە گوتەی رووخێنەر بە دوور بگرین هەروەها لە خۆشمانەوە دڵنەوایی نەدەین! هەوڵ بدەین قەرەباڵخی دروست نەكەین بۆ ماڵی نەخۆشەكە، ئەگەری هەیە كەسوكاری نەخۆشەكە كاتیان بوێت بۆ پشوودانێك و بیركردنەوەیەك لە حاڵی خۆیان. شتێك بكە كە نەخۆشەكە دڵی پێی خۆش بێت وەكو هێنانی كەسێك بۆ لای كە پێشتر لەیەك دابڕاون. چەندەها كاری ئینسانی هەیە بیكەیت بۆ نەخۆشەكە تاوەكو لە ژێر رێنمایی دكتۆرەكە چاك ببێتەوە، نەك خۆت ببیتە دكتۆری.