هەموو شتێک دەربارەی مایەسیری
مایەسیری چییە؟
مایەسیری بریتییە لە هەڵئاوسانی بۆرییەكانی خوێن لە كۆتایی ریخۆڵە ئەستوورە و رێكەدا، ئەم بەشە بە بەشێكی دەوڵەمەند بە بۆری خوێن دەناسرێت، ئەو بۆرییانەش پاڵپشتی ماسولكەكان دەكەن، ئەوەش بە مەبەستی داخستن و كردنەوەی كۆم.
مرۆڤ بەهەردوو رەگەزەوە مێیینە و نێرینە، تووشی گرفتی مایەسیری دەبن، بەڵام رەگەزی مێیینە بەشێوەیەكی زیاتر تووش دەبێت.
مایەسیری گرفتێكی ترسناك و كوشندە نییە، بەڵام دەبێتەهۆی بێزاركردن و درووستكردنی ئازار، لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی دیكە دەكرێت ئەم گرفتە نالەبارتر بێت و كێشەی نوێ بۆ تووشبووان دروستبكات. بۆیە پێویستە لە كاتی هەستكردن و هاتنەدەرەوەی خوێنێكی سووری كاڵ لە كۆمەوە، یان بینینی خوێن بە جلی ژێرەوە، سەردانی پزیشك بكەیت.
نیشانەكانی
بوونی خوێنی رەنگ كاڵ لە پیسایی، سووتانەوەی كۆم، تەڕبوون و خورانی چواردەوری كۆم و هەستكردن بەوەی بەتەواوەتی پیسایی لە كۆمەوە نەهاتووەتە دەرێ، واتا هەستكردن بە (قەبز) بوون، هەمووی نیشانەی تووشبوونن بە مایەسیری.
دەستنیشانكردنی مایەسیری لەلایەن پزیشكەوە لەو ساتەوە دەستپێدەكات كە بۆرییە پۆلیستەرییەكان خوێنیان تێدا ئاپۆڕ دەبێت و ناتوانن بەشێوەیەكی ئاسایی تەوژمی خوێن بەناویاندا تێپەربێت، ئەنجامی ئەمەش هەڵئاوسانی بۆرییەكانی خوێنە كە ئۆكسجینی پێویست و خوێنی كاڵ دەگوازنەوە، ئەگەر زیاتر پەرەبستێنن دەبنەهۆی دروستكردنی چەماوەیەك.
قۆناخەكانی:
قۆناخی یەكەم:
لەم قۆناخەدا مایەسیری لە بەشی دەرەوە ناتوانرێت هەستی پێبكرێت، دەتوانرێت لە رێگای بەكارهێنانی “Proctoscope”ەوە لەلایەن پزیشكەوە ببینرێت، كە ئامێرێكی پشكنینە و دەخرێتە ناو ریخۆڵەوە، لەم قۆناخەدا چەمانەوەیەكی بچووك لە كەناڵی كۆمدا دەبینرێت، بوونی خوێنی كاڵ لەم قۆناخە نابێتەهۆی ئازاردان.
قۆناخی دووەم:
گرێیەكانی مایەسیری لەم قۆناخەدا گەورە دەبن و لەكاتی پیساییكردن دەكرێت لە كۆمەوە بێتەدەرەوە و بەدەست هەستی پێبكرێت، هەر لەم قۆناخەوە مانەوەی زۆر لە توالێت، هەستكردن بە بەتاڵنەبوونەوەی ریخۆڵە لەپیسایی و زیاتر گوشاركردن لەخۆ دەبێتەهۆكاری سووتانەوە، خووراندن و خوێن هاتنە دەرەوە.
قۆناخی سێیەم:
لەم قۆناخەدا مایەسیری تەنیا لە كاتی چوونە سەر توالێت نابێتەهۆی دروستكردنی كێشە، بەڵكو لەكاتی كاركردنیش کێشە دروستدەکات، لێرەوە دەبیندرێت و هەستیشی پێدەكرێت، بەڵام دەتوانرێت ببرێتەوە ناوەوە. لەم قۆناخەوە دەكرێت ببێتە هۆكاری ئازار دروستكردن.
قۆناخی چوارەم:
بەشێوەیەكی ئەوتۆ مایەسیرییەكە دێتە دەرەوە كە ئیدی ناتوانرێت ببرێتەوە ناوەوە و دەشێت تووشی هەوكردن و سووتانەوەی جۆراوجۆر ببێت و كەسەكە هەراسان دەكات.
خۆپاراستن و چارەسەركردنی مایەسیری:
گرنگترین و باشترین چارەسەری مایەسیری پەیڕەوكردنی سیستمێكی خۆراكیی تەندروستە، ئەویش خواردنی خۆراكێك كە لەشی مرۆڤ بتوانێت هەرسی بكات، لەگەڵ خواردنەوەی 1.5 بۆ 2.5 لیتر ئاو لە رۆژێكدا، تاوەكو بەشێوەیەكی رەوان پیسایی بكرێت.
مرۆڤ پێویستە كاتی تەواوی خۆی وەربگرێت كاتێك دەچێتە تەوالێت، چونكە پیساییكردن بەشێوەیەكی سروشتی و گوشارنەكردن لەخۆ دەبێتەهۆی ئازارنەدانی بۆرییە خوێنەكانی ناو ریخۆڵە، ئەوەی گرنگیش بێت پاكوخاوێنی دوای توالێتە، چونكە دەبێتەهۆی رێگرتن لە كۆبوونەوەی چەندین میكرۆبی زیانبەخش. هەروەها وەرزشكردن كاریگەری لەسەر خۆپاراستن و تووشنەبوون بە مایەسیری هەیە. بێجگە لەو چارەسەرییە سرووشتیانە، چەندین دەرمانی دیكە هەن كە پزیشك دەیاننووسێت.
هەندێ پزیشك رێگای نەشتەرگەری وەك چارەسەرێك بۆ هەموو قۆناخەكانی مایەسیری رەچاو دەكەن، بەڵام نەشتەرگەری بۆ مایەسیری لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا باوی نەماوە و تەنیا قۆناخەكانی كۆتایی پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە.
*پزیشكی هەناوی و رۆماتیزم