بەهۆی شەڕی غەززە بۆ دووەمجار هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیسرائیل دوادەخرێت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیسرائیل، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی وڵاتەکەی بەهۆی شەڕی غەززەوە دواخست، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتریش دواخرابوو. حکومەت دەڵێت دواخستنەکە بەهۆی ئەوەیە زۆربەی بەربژێرەکان لە ریزەکانی سوپان.
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، حکومەتی ئیسرائیل بڕیاری دا هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بۆ 27ـی شوباتی ساڵی 2024 دوابخات. هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، وەک سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، 688 بەربژێری 144 شار و شارۆچکە لە ریزی سوپای ئیسرائیلن و لە شەڕدان.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "ئێمە وەکو نەریت، لە کاتی شەڕدا هەڵبژاردن ناکەین، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە پێش شەڕ بڕیاری لەسەر درابوو. پێشنیازی من روونە، پێمباشە هەڵبژاردنەکان لە کۆتایی شوبات بەڕێوەبچن بۆ ئەوەی زۆرترین بەربژێر کە لە خزمەتی سەربازیدان، بتوانن بگەڕێنەوە و بەشداریی بکەن."
ئەمە دووەمجارە کاتی هەڵبژاردنەکان دەگۆڕێت، سەرەتا وا بڕیاربوو لە 30-10-2023 بکرێت، بەڵام بەهۆی هێرشی بزووتنەوەی حەماس و شەڕ لەلایەن پەرلەمانی ئیسرائیلەوە بۆ 30-1-2024 دواخرا و بەهۆی بەشدارینەکردنی زۆربەی بەربژێرەکان، هەڵبژاردنەکە بۆ 27-2-2024 دواخرا.
سندووقەکانی دەنگدان لەو هەڵبژاردنە سێ رەنگیان هەیە، زەرد، سپی و شین. دەنگدەرەکان سندووقی زەرد بەکاردەهێنن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانییەکان، سندووقی سپی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و سندووقی شینیش بۆ هەڵبژاردنی لێژنەی کۆمەڵگەکان.
لە ئیسرائیل هەرکەسێک وڵاتینامەی ئیسرائیلی یان مافی مانەوەی هەمیشەیی هەبێت و تەمەنی لە 17 ساڵ زیاتر بێت دەتوانێت دەنگبدات.
لە ئیسرائیل 54 ئەنجوومەنی هەرێمی هەن، دەنگدەران لە دوو هەڵبژاردنی جیاوازدا جارێک سەرۆکی ئەنجوومەن و جارێکی دیکەش ئەندامانی ئەنجوومەنەکە هەڵدەبژێرن، لە هەندێک ناوچەشدا ئەندامانی لیژنەی کۆمەڵگەکان هەڵدەبژێردرێن.