ئیسرائیل بەشێکی هێزەکانی لە غەززە دەکشێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل بڕیاریداوە بەشێکی هێزەکانی لە غەززە بکشێنێتەوە و شێوازی شەڕکردنەکەی بگۆڕێت بۆ ئۆپەراسیۆنی سنووردار لە دژی چەند ئامانجێکی دیاریکراوی حەماس، هەروەها بەشێکی هێزە یەدەگەکانیشی لە بەرەکانی جەنگ دووردەخاتەوە بۆئەوەی بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان، تاوەکو یارمەتیی باشکردنی ئابووری بدەن، ئەمەش بەگوێرەی بەرپرسێکی ئیسرائیلی.
بەرپرسەکە، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو لەنێوبردنی حەماس، جەنگی سەر کەرتی غەززە بەردەوام دەبێت، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، بەشێکی ئەو سەربازانەی دەکشێندرێنەوە، خۆیان بۆ ئەگەری کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی جەنگ لە دژی لوبنان ئامادە دەکەن.
لەو کاتەوەی دەستی بە هێرشەکەی کردووە بۆ سەر غەززە، بەرپرسانی ئیسرائیل گوتوویانە، نیازیان وایە جەنگەکە بە سێ قۆناخ ببەنە پێشەوە؛ قۆناخی یەکەم، بە گوتەی خۆیان، بۆردوومان و تۆپبارانکردنی سەختی غەززە بوو بۆئەوەی رێگە بۆ هێزی پیادە خۆشبکەن و خەڵکی سڤیلیش هان بدەن ناوچەکانیان چۆڵ بکەن؛ قۆناخی دووەم، برتیبوو لە لەشکرکێشی، کە لە 27ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد.
ئێستا کە تانک و سەربازەکان بەشێکی کەرتی غەززەیان کۆنترۆڵ کردووە، وێڕای هێرشی پێچەوانە و بۆسەکانی چەکدارانی حەماس لە تونێل و حەشارگەکانەوە، سوپاکە دەچێتە قۆناخی سێیەمی جەنگەکەوە.
بەرپرسەکە رایگەیاندووە، "ئەمە لانیکەم شەش مانگ دەخایێنێت و ئۆپەراسیۆنی چڕی کێوماڵکردن لە دژی تیرۆریستان لەخۆدەگرێت. کەس باسی فڕاندنی کۆتری ئاشتی لە شەجاعییەوە ناکات."
رۆژی 7ی تشرینی یەکەم، حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، لەو رۆژەدا هەزار و 200 کەس کوژران، کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلی ئیسرائیلی بوون، هەروەها حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی فەلەستینی، 240 کەسیان بە بارمتە برد.
ئیسرائیل سوورە لەسەر گەڕاندنەوەی 129 بارمتە، کە هێشتا لە غەززەن. قەتەر و میسر پێشتر نێوەندگیریان کرد بۆ ئەوەی شەڕ بۆ ماوەیەکی کەم بوەستێت و ژمارەیەکی بارمتەکان ئازادبکرێن.
ئیسرائیل 300 هەزار سەربازی یەدەگی بانگکردەوە بۆ ریزەکانی سوپا، کە ئەوانە 10% بۆ 15%ی کۆی گشتیی هێزی کاری ئیسرائیل پێکدەهێنن.
بەشێکیان هەر زوو مۆڵەتدران بۆئەوەی بچنەوە سەر ژیانی ئاساییان، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، لە 200 هەزار تاوەکو 250 هەزاریان هێشتا لە ریزەکانی سوپادان و نەچوونەتەوە سەر کار یان زانکۆ.
بەرپرسە ئیسرائیلییەکە بە رۆیتەرزی گوتووە، ئامانج لە کشانەوەیان، "بووژاندنەوەی ئابووریی ئیسرائیلە."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، بەشێکی دیکەیان بۆ ئەوە دەکشێنرێنەوە تاوەکو خۆیان بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی گەورە لە دژی حیزبوڵڵای لوبنان ئامادە بکەن.
حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە دوای جەنگی غەززەوە کەوتوونەتە نێو شەڕێکی سنووردار کە تێیدا ناو بەناو یەکدی تۆپباران و بۆردوومان دەکەن. ئیسرائیل هۆشداریی داوە ئەگەر حیزبوڵڵا وازنەهێنێت، جەنگێکی تەواو لە دژی لوبنان دەستپێدەکەن.
بەرپرسە ئیسرائیلییەکە بە رۆیتەرزی گوتووە: "ناکرێت رێگەبدەین دۆخی بەرەی لوبنانی بەم شێوەیە بەردەوام بێت. ئەم شەش مانگە قۆناخێکی گرنگ و هەستیارە."
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە سڤیلنشینەکانی کەرتی غەززە، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، بوونەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 22 هەزار کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
ئیسرائیل دەڵێت، ئەوان زیاتر لە هەشت هەزار چەکداری فەلەستینییان کوشتووە.
ئیسرائیل کوژرانی 174 سەربازی خۆی لە نێو غەززەدا لە دوای ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکەی راگەیاندووە، هەروەها 9ی دیکەیان لەسەر سنووری لوبنان کوژراون.