جوداخوازانی یەمەن دەرگە بۆ هێزەکانی سعودیە دەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
جوداخوازانی باشووری یەمەن (STC) رایانگەیاند، رێگە بەو هێزانەی حکومەت دەدەن کە لەلایەن سعودیەوه پشتیوانی دەکرێن، بچنە نێو ئەو ناوچانەی ئەم دواییە کۆنترۆڵیان کردووە؛ هەنگاوێک کە شارەزایان دەڵێن دوورە لەوەی ریاز رازی بکات، چونکە سعودیە داوای کشانەوەی تەواوەتیی جوداخوازان دەکات.
 
رۆژی پێنجشەممە 1-1-2026، ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور (STC) کە لەلایەن ئیماراتەوە پشتیوانی دەکرێت رایگەیاند، رێککەوتوون لەسەر بڵاوەپێکردنی هێزەکانی (قەڵخانی نیشتمانی) لەو ناوچانەی کۆنترۆڵیان کردوون، بەڵام جەختیان لەوە کردەوە کە خۆیشیان لەو ناوچانە دەمێننەوە.
 
ئەنجوومەنەکە رایگەیاند: "ئەمڕۆ دەستمان بە ئۆپەراسیۆنێک کرد بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی (قەڵخانی نیشتمانی) بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی و ئەرکەکان لە ئەستۆ بگرن. لیوایەکی ئەو هێزانە بەپێی رێککەوتن لە ناوچەکانی حەزرەمەوت و مەهرە جێگیر دەکرێت."
 
سعودیە: ئەوە بەس نییە
 
سەرەڕای ئەم هەنگاوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی سعودیە رایگەیاند، پێداویستییە ئەمنییەکانی سعودیە تەنیا کاتێک جێبەجێ دەبن کە هێزەکانی STC لە حەزرەمەوت و مەهرە بچنە دەرەوە.
 
سەرچاوەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی: "جێگیرکردنەوەی هێزەکانی حکومەت بەتەنیا بەس نییە، دەبێت چاوەڕێ بکەین و ببینین چی جێبەجێ دەکرێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، ئەنوەری تەمیمی، گوتەبێژی STC بەرگریی لە رێککەوتنەکە کرد و گوتی، ئەو هێزە حکومییانەی دێنە ناوچەکە زۆربەیان خەڵکی باشوورن و لەلایەن سعودیەوه بودجەیان بۆ دابین دەکرێت. گوتیشی: "بڵاوەپێکردنیان لەسەر سنووری سعودیە، بەهانەی ئەوانە دەبڕێت کە دەیانەوێت سعودیە دژی ئێمە هان بدەن."
 
فارع موسلیمی، توێژەر لە پەیمانگەی چاتام هاوس دەڵێت، ئەگەر کشانەوەی تەواوەتی لە حەزرەمەوت و مەهرە روونەدات، ئەوا "هەرگیز داواکارییە ئەمنییە روون و راستەوخۆکانی سعودیە چارەسەر ناکات."
 
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن، رۆژی سێشەممە هاوپەیمانیی عەرەبی (سعودیە) کاروانێکی چەکی ئیماراتی لە بەندەری موکەلا کردە ئامانج و رایگەیاند "پێشڕەویی جوداخوازان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی سعودیە." لە کاردانەوەیەکیشدا، ئیمارات بڕیاری دا پاشماوەی هێزەکانی لە یەمەن بکشێنێتەوە.