ئەمریکا مووشەکێکی حووسییەکان و سێ درۆنی ئێرانی لە کەنداوی عەدەن دەخاتە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە کەنداوی عەدەن مووشەکێکی حووسییەکان و سێ درۆنی ئێرانییان خستووەتە خوارەوە بەبێ هەبوونی هیچ زیانێکی گیانی و مادی.

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 1-2-2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە (سێنتکۆم) لە ئێکس بڵاویکردەوە، "رۆژی چوارشەممە 3-1-2024، نزیکی کاژێر 8:30ـی شەو بە کاتی سەنعا (هەمان کاتی هەولێر) حووسییەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێران مووشەکێکی دژە کەشتییان لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە لە یەمەن ئاراستەی کەنداوی عەدەن کرد."
 
سێنتکۆم ئەوەشی روونکردووەتەوە کە مووشەکەکە لەلایەن کەشتیی تێکشکێنەری یو ئێس ئێس کارنی خراوەتەوە خوارەوە. هەر لە راگەیێندرای سێنتکۆم دا هاتووە، "نزیکی کاژێر 9:10ـی شەو یو ئێس ئێس کارنی سێ درۆنی ئێرانی لەو ناوچەیە خستووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبووە."
 
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ (چوارشەممە) سێنتکۆم بڵاویکردەوە، "کاژێر 3:45ی دوانیوەڕۆ بەکاتی سەنعا هێزەکانمان مووشەکێکیان دەستنیشانکرد کە ئامادەکرابوو بۆ هەڵدان." سێنتکۆم دەڵێت، ئەو مووشەکە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان بووە لە یەمەن و هەڕەشە بووە بۆ سەر هێز و فڕۆکەکانمان.
 
حووسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، هێرشەکانیان پشتیوانیێکن بۆ غەززە لە دژی ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیل، ئەمریکا و بەریتانیاوە هەیە.
 
هەرچەندە ئەمریکا هەڕەشەی لە حووسییەکان کردووە کە ئەگەر واز لە هێرشەکانیان نەهێنن لە 16ی شوبات دەیانخاتە لیستی تیرۆرەوە، هێشتا حووسییەکان لە کردنە ئامانجی کەشتییەکان بەردەوامن.
 
لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە حووسییەکانی یەمەن دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی نێو دەریای سوور کردووە و دەڵێن: "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ گەلی فەلەستین."
 
هێرشی ئەو گرووپە زیانی لە ٪12ـی بازرگانیی نێودەوڵەتی داوە و چەندین کۆمپانیای ناچارکردووە رێڕەوەکانیان بگۆڕن.
دوای ئەوەی ئەمریکا و بەریتانیا چەند هێرشێکیان کردە سەر حووسییەکان، گرووپەکە لە وەڵامدا گوتیان کە "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ئامانجی ئێمە دەبن".