جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانى عێراق دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

عێراق و تورکیا تاوتوێى رێککەوتنە هاوبەشەکانى نێوانیان و ئاسانکاریى سەردانى هاووڵاتیان لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەکەن. بڕیارە ئەم مانگە یەکێک لە جێگرانى وەزیرى دەرەوەى تورکیا بۆ ئەو مەبەستە سەردانى عێراق بکات.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، عومەر بەرزنجى، بریکارى وەزارەتى دەرەوەى عێراق لەگەڵ عەلى رەزا گونەى، باڵیۆزى تورکیا لە بەغدا کۆبووەتەوە و پێکەوە باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە، لەوانەش ئاسانکاری بۆ ڤیزەى گەشتى هاووڵاتیان لەنێوان هەردوو وڵات.
 
بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا باڵیۆزى تورکیا ئامادەیی حکومەتی وڵاتەکەی پیشانداوە بۆ هاوکاریکردنى عێراق لەسەرجەم بوارەکاندا و رایگەیاندووە، ئەو سەردانەى بۆ وەزارەتى دەرەوە بۆ هاوئاهەنگیکردن بووە بۆ سەردانێکى چاوەڕوانکراوی جێگرى وەزیرى دەرەوەى تورکیا بۆ عێراق.
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو دەستى کەوتوون، سەردانەکە لەنێوان 19 بۆ 24 ى شوباتدا دەبێت، بەڵام دیار نییە کام جێگری وەزیری دەرەوە سەردانەکە دەکات.