هەواڵی دوورخستنەوەی مارک ساڤایا بڵاودەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق چیدی لەو پۆستەدا نەماوە. ئەمەش لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا، بەهۆی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی هەژموونی ئێران لە سیاسەتی عێراقدا، روو لە زیادبوونن.
ساڤایا کە بازرگانێکی کریستیانیی عێراقی - ئەمریکییە، یەکێک بوو لەو چەند عەرەبە ئەمریکییەی لەلایەن ترەمپەوە بۆ پۆستە باڵاکان دیاریکران و لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو وەکو نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق دەستنیشانکرا.
سەرۆکی ئەمریکا لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی 2024دا هەوڵێکی زۆری دا بۆ بەدەستهێنانی دەنگی عەرەب و موسڵمانان لە دیترۆیت و سەرتاسەری وڵاتەکە.
هێشتا بە روونی هۆکاری لابردنی ساڤایا دیار نییە و ئاشکرا نییە کە ئایا کەسێک لە شوێنی دادەنرێت یان نا، بەڵام یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بە "خراپ مامەڵەکردنی" ساڤایا لەگەڵ دۆخە هەستیارەکانی عێراق کردووە، لەوانەش شکستھێنانی لە رێگریکردن لە بەربژێرکردنی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران، هەنگاوێک کە ترەمپ بە ئاشکرا هۆشداری دابووە بەغدا کە نەیگرێتەبەر.
بە گوێرەی سەرچاوەکە و بەرپرسێکی باڵای عێراقی، تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت بۆ سووریا، کە سەرەتای ئەم هەفتەیە سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە، پێدەچێت دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوە بگرێتە ئەستۆ.
رۆژی پێنجشەممە تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندی بە ساڤایاوە کرد و دیپلۆماتەکە رەتیکردووەتەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە ئەرکەکەی دا روویدابێت، ئاماژەی بەوەشکردووە هێشتا سەرقاڵی رێککارە کارگێڕییەکانە بۆ ئەوەی بە فەرمی دەستبەکاربێت، بەڵام "سەرچاوەیەکی ئاگادار" بە رۆیتەرزی گوتووە، ساڤایا هەرگیز نەبووەتە فەرمانبەری وەزارەتی دەرەوە.
هەژماری ساڤایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە تاوەکو ئەم دواییانە چالاک بوو، لە رۆژی پێنجشەممەوە نەماوە. ساڤایا وەڵامی نامەکانی رۆژانی هەینی و شەممەشی نەداوەتەوە کە داوای روونکردنەوەیان لێکردبوو لەبارەی ئەوەی ئایا هێشتا لە پۆستەکەیدایە و هۆکاری داخستنی هەژمارەکەی چییە.
ساڤایا کە پێشتر کاری بازرگانیی حەشیشی یاسایی لە دیترۆیت دەکرد و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ترەمپ هەیە، هەڵبژاردنێکی چاوەڕواننەکراو بوو بۆ پۆستی نێردەی تایبەت، چونکە هیچ ئەزموونێکی دیپلۆماسیی نییە. دوو سەرچاوەکە بە رۆیتەرزیان گوتووە، لەو کاتەوەی ناوزەند کراوە، بە فەرمی سەردانی عێراقی نەکردووە.
دوو بەرپرسی عێراقی بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە، بڕیاربوو هەینیی رابردوو ساڤایا سەردانی عێراق بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆببێتەوە، بەڵام لەناکاو سەردانەکەی هەڵوەشاندەوە.
ئەم گۆڕانکارییە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ترەمپ هۆشداری دایە عێراق کە ئەگەر جارێکی دیکە مالیکی وەک سەرۆکوەزیران هەڵبژێرنەوە، واشنتن هاوکاریی ئەو وڵاتە ناکات کە بەرهەمهێنەرێکی گەورەی نەوت و هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکایە.
مالیکی کە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی لە ماوەی دەسەڵاتەکەی دا پەرەی بە ململانێی تایفەگەری داوە و بووەتە هۆی سەرهەڵدانی داعش، چەند رۆژێک پێش ئێستا لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی، گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراقەوە بۆ پۆستەکە بەربژێر کرایەوە.