پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل: سبەی خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای بە دووژمن ئەژمارکردنی قەتەر دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی 'یەش ئەتیت' کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیلە رایگەیاند، سبەی پرۆژەیاسایەک دەبەنە پەرلەمان و خوێندنەوەی بۆ دەکەن بۆ دیاریکردنی قەتەر وەکو وڵاتی "دووژمن". بە گوێرەی پڕۆژەکە، هۆکاری ئەو دیاریکردنە ئەوەیە کە قەتەر "حەماس پارەدار دەکات، پڕوپاگەندە لە دژی ئیسرائیل بڵاودەکاتەوە و سیخوڕیش بەسەر وڵاتەکەیانەوە دەکات".
رۆژی یەکشەممە، 1ی شوباتی 2026، یار لاپید لە ئێکس بڵاویکردەوە، "سبەی، پڕۆژەیاسایەک دەبەمە پەرلەمان بۆ دیاریکردنی قەتەر وەکو وڵاتێکی دووژمن". دەشڵێت، ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەوەیە کە هەموو ئەو یاسایانەی وڵاتەکەیان بەرامبەر هەر وڵاتێکی دووژمن دەیگرنەبەر بەرامبەر قەتەریش بگیرێنەبەر.
لاپید ئاماژەی بەوەش کرد، قەتەر دژی بەرژەوەندییە ئەمنی و سیاسییەکانی وڵاتەکەیان کاریکردووە و پاڵپشتیشی لە "تیرۆر" لە دژی ئیسرائیل کردووە.
لە پرۆژەیاساکەدا هاتووە، قەتەر پاڵپشتی حەماسی کردووە لە رێگەی پارەدارکردنی و لەخۆگرتنی سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیەوە. هەروەها، قەتەریان بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی وڵاتەکەیان تۆمەتبارکردووە. ئەمە جگە لە تۆمەتبارکردنی دەوحە بە سیخوڕیکردن لەسەر بەرپرسانیان، لەنێویاندا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەتایبەت لە کەیسی "قەتەرگەیت".
سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل جەختی لەوەش کردەوە، تێپەڕاندنی پڕۆژەکەیان هاوکار دەبێت کە پارتەکانی کۆماری و دیموکراتەکان لە ئەمریکا هەمان هەنگاو دژی قەتەر بگرنەبەر.
پێشکێشکردنی پڕۆژەیاساکە بە پەرلەمانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە قەتەر بە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا دادەندرێت و بەیەکەوەش بە هاوبەشی لەگەڵ میسر نێوەندگیری حەماس و ئیسرائیلیان کردووە بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان.