تورکیا لەبارەی هێرشەکانی سەر ئێران: رێگە نادەین ئاسمانمان بەکاربهێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە باس لە پشتگیریکردنی ئەنقەرە بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەن و رایگەیاند، رێگە نادەن خاک و ئاسمانی تورکیا بۆ هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەکاربهێندرێت.
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی چەواشەکاری، کە سەر بە سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە، لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو بانگەشانەی دایەوە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە و تێیدا هاتووە: "ئەو بانگەشانەی باس لەوە دەکەن تورکیا پشتگیریی لۆجستی یان ئاسمانیی بۆ هێرشەکانی سەر ئێران دابین کردووە، بە تەواوی بێ بنەمان و بە مەبەستی چەواشەکردنی رای گشتی بڵاوکراونەتەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەسەر بنەما نەگۆڕەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا کراوەتەوە و ئاماژە بەوە دراوە: "کۆماری تورکیا، لە هیچ ململانێ و شەڕێکدا کە تێیدا لایەن نییە؛ رێگە نادات ئاسمان، وشکانی و دەریای بۆ مەبەستی ئۆپەراسیۆنی لە بەرژەوەندیی لایەنەکان بەکاربهێندرێت."
سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان دەڵێت، مافەکانی سەروەریی تورکیا بەسەر ئاسمان و زەوییەکەیدا "تەواو و بێ گفتوگۆن" و هەموو چالاکییەک لە چوارچێوەی سەروەریی تورکیادا، تەنیا بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئاسایشی نیشتمانی و لەژێر چاودێریی تووندی دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکاندا بەڕێوەدەچێت.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، داوا لە رای گشتی کراوە کە "باوەڕ بە بانگەشە بێ بنەما و گریمانەییەکان نەکەن" و تەنیا ئەو زانیارییانە بە هەند وەربگرن کە لە سەرچاوە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە بڵاودەکرێنەوە.
ئەم کاردانەوەیەی ئەنقەرە دوای ئەوە دێت، کە بەیانیی رۆژی سێشەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر 24 پارێزگای ئێران، کە بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 201 کەس و برینداربوونی 747 کەسی دیکە راگەیێندراوە.